ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر وەزیری نەوتی ئێران و چەندین کۆمپانیا و کەشتی نەوتهەڵگری وڵاتەکە

ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی سێ لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزا دەخاتە سەر وەزیری نەوت و چەندین کۆمپانیا و کەشتی نەوتهەڵگر کە چالاکن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو سزایانە، ڕاگەیاند "ئەو سێ کەشتییەی ئێران کە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران بە قاچاخ بەکاردەهێنرێن، وەک بەشێک لە سەروەت و سامانی بەستوو هەژمار دەکرێن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کۆمپانیا سزادراوەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە کەشتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شێوەی گواستنەوەی نەوت بۆ دەرەوەی بەندەرەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پێشکەش دەکەن و ئەمەش وایکردووە حکومەتی ئێران هەوڵەکانی خۆی بۆ بازرگانیکردن بە نەوتی نایاسایی بشارێتەوە.

ڕاگەیەندراوەکە بە ئاماژەدان بە سزاکانی سەر موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و دەیان کۆمپانیا و کەشتی چالاک لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتی ئێران بە چین، ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران و سوپای پاسداران بە هاوکاری موحسین پاکنەژاد، سەروەت و سامانی نیشتمانیی نەوتی ئێران دەدزن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونیکردەوە کە سزاکانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ پێشخستنی سیاسەتی زۆرترین فشاری دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکایە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی و ڕێگریکردن لە پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە لە گرووپە تیرۆریستییە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکە، ئەمەش بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە تایبەت بۆ چین تا گەیاندنی بە ئاستی سفر.

ئەو وەزارەتەی ئەمەریکا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی پارەدارکردنی نایاسایی چالاکییە زیانبەخشەکان و سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی بەردەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.