سەرۆکی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی ڕایدەگەیەنێت گرتنەبەری ستراتیژی ئەوپەڕی فشار لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر بە ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بەوپێیەی فشارەکان ئێران دووچاری گۆشەگیری دەکات.
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ستراتیژی ئەوپەڕی فشار ئێران بەرەو گۆشەگیری زیاتر دەبات لەڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە، ئەمە جگە لەوەی بەهای دراوەکەی بە تەواوەتی دادەڕوخێنێت."
دەشڵێت،"عێراق وەکو بەشێک لە سییەکانی خۆی بۆ هەناسەدان لەلایەن ئێرانەوە بەکاردەهێنرێت، دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە هەناسەیەک بدات بەهۆی ئابڵوقەکانی سەری، هەوڵیشدەدات لە ڕێگەی قاچاخ و گرتنەبەری ڕێگەی نایاسایی سود لە داهاتی عێراق وەربگرێت."
دوێنێ چوارشەممە، 12 ی مانگی 3 ی 2024، بەرپرسانی ئیمارات نامەکەی دانۆڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایان گەیاندە بەرپرسانی ئێران، دوای ڕوون بوونەوەی هەڵوێستی ئێران لەسەر نامەکە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەرکەوێت.
لە ئەگەری ڕازی نەبوونی ئێران بە دانوستان و نەچوونە سەر مێزی گفتووگۆ، پێشبینی دەکرێت ئابڵوقە ئابورییەکانی سەری توندتر بکرێتەوە، بەمەش ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ عێراق بۆ فرۆشتنی غاز ئەنجامیداون مەترسییان لەسەر دروست دەبێت.
توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەر کەرتی وزەی ئێران کاریگەری گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، بەو پێیەی بەشێک لە کارەبای عێراق لە ڕێگەی غازی ئێرانەوە دابین دەکرێت و ڕەنگە گرفتی کارەبا لە عێراق قوڵتر ببێتەوە.
لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە سێ ملیار پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت، لەم بڕە نزیکەی ملیارێک و 800 ملیۆن پێ سێجای بۆ کارەباو غازی ئێڵ پی جی بەکار دەهێنێت، بەڵام یەک ملیارو 200 ملیۆن پێ سێجاکەی تری لە کێڵگە نەوتییەکان دەسوتێت و بەفیڕۆ دەچێت، بەهۆی وەبەرهێنان نەکردن تێیاندا.
سەرباری بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆیی، عێراق بەشی 8 هەزار مێگاوات کارەبا غاز بە پارەیەکی زۆر لە ئێران دەکڕێت، لە ئەگەری توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران و ناچارکردنی عێراق بۆ دەستبەرداربوون لە غازی ئێران، دەبێت عێراق بیر لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی تر بکاتەوە.
بەڕای پسپۆڕانی بواری وزە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو غازەی لە ئێران دەیکڕێت کە بەشی بەرهەمهێنانی 8 هەزار مێگاوات کارەبایە، دەبێت عێراق سود لەو غازە وەربگرێت کە ئێستا لە کێڵگەکان بەفیڕۆ دەچێت، هەروەها کێڵگەکان فراوان بکات و بڕی بەرهەمهێنانی غاز زیاد بکات.
بەپێی قسەی شارەزایانی بواری وزە، عێراق دەتوانێت لەو غازەی ئێستا لە کێڵگەکان دەسوتێت و بەفیڕۆ دەچێت، 5 هەزار مێگاوات کارەبا بەدەست بهێنێت، هەروەها لە ڕێگەی لێدانی بیرە نەوت و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی وزە، دەتوانێت بەشی 3 هەزار مێگاواتەکەی تریش غاز بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئەمە کات و تێچووی ئێجگار زۆری دەوێت.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێو دەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر ئێران وەڵامی نامەی دۆناڵد ترەمپ نەداتەوەو نەیەتە سەر مێزی دانوستان، قۆناغی دواتر ئابڵوقەی زیاتری دەخرێتەسەر بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی،
ئابڵوقە خستنەسەر ئێران کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، چونکە عێراق لەڕووی وزەو دراوی قورس و پەیوەندی بازرگانی پەیوەستە بە ئێرانەوە."
دەشڵێت،"عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئابڵوقەی سەر ئێران، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی عێراق چۆن دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بارودۆخەکە."
پێدەچێت گەمارۆکانی سەر ئێران سەرئێشەی گەورەتر بۆ حکومەتی عێراق دروست بکات و دووچاری کێشمەکێشی زیاتری لەگەڵ گروپە نزیکەکان لە ئێران بکات، کاتێک ئەو گروپانە هەوڵی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەدەن بەسودوەرگرتن لە دەسەڵات و داهاتی عێراق.
لە ڕابردوودا، چەندین بانکی عێراقی بەهۆی دەستخستنی دۆلارو دراوی قورس بۆ ئێران سزادراون، بەڵام لە حاڵەتی توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەری پێناچێت ئێران کۆڵ بدات، ڕەنگە عێراق یەکێک لەو وڵاتانە بێت کە چاوی لەسەریەتی بۆ دەستخستنی دراوی قورس.
بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"فشارەکانی سەر ئێران لێدانی گەورەش دەبێت بۆ عێراق، چونکە ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی بەو باڵا دەستییەی بەسەر عێراق دا هەیەتی، بۆیە دەکرێت بڵیین ئێران و عێراق یەک پاکێجن."
هەروەها وتیشی،"لاوازبوونی ئێران جیا لە کاریگەرییە ئابوورییەکەی لەسەر عێراق، لەڕووی سەربازیشەوە کۆتای بە حەشدی شەعبی و بڕینی دەستی سەربازی ئێران دێت لە عێراق. هەنگاوەکانی ئەمەریکا موفاجەئەو جیاوازن، لێدانی لە حەماس جیاوازبوو لەو گۆڕانکارییەی لە سوریا ڕوویدا، گۆڕانکاری لە لوبنان بەجۆرێکی تربوو، ڕەنگە مەسەلەکان لە عێراق جیاوازتر بن."
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەر ئێران بە قۆناغ بەندی بێت و سەرەتا بواری دارایی و وزە بگرێتەوە، بەڵام ئێران لە ڕووی بازرگانی و
سەربازی و سیاسی و زۆر ڕووی تریشەوە بەسەر عێراق دا باڵادەستەو گەمارۆکان لێکەوتەی زیاتریان بە دوادادێت.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر