وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 14ی مانگی سێ بەیاننامەیەکیبڵاوکردەوە و پێشوازی لە کۆتایی دانوستانەکانی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان کرد کە بووە هۆی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات.
لە بەیاننامەکەدا بە ناونیشانی "کاتی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان هاتووە" ئاماژە بەوە کراوە ئەمەریکا دەستخۆشی لەو دوو وڵاتە دەکات کە ڕەزامەندییان لەسەر ڕێککەوتنێکی "مێژوویی" دەربڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە ڕێککەوتنەکە "دەرفەتێکە بۆ هەردوو وڵات بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ دیدگای دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جیهانێکی ئارامتر و ئاشتیخواتر، دەرگا لە سەر ململانێکانی دەیان ساڵەی نێوانیان دابخەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پابەندبن بە ئاشتی و واژۆکردن و پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی قەفقازی باشوور".
لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و پێکهێنانی کۆمارە تازە سەربەخۆکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، یەکەمین جەنگی قەرەباخ لە ساڵی 1988 تا 1994 لە نێوان ئەرمەنییەکان و دراوسێ ئازەربایجانییەکانیان هەڵگیرسا. نزیکەی سی هەزار کەس کوژران و زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
کۆماری ئازەربایجان بەشێک لە خاکەکەی لەدەستدا و ئەرمەنییەکان زۆربەی ناوچەی قەرەباخیان کۆنترۆڵکرد. ئازەربایجان لە ساڵی 2020، دوای دەیان ساڵ لە ململانێ، ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی دەستپێکرد کە بووە هۆی شەڕی دووەمی قەرەباخ.
کۆماری ئازەربایجان بە پاڵپشتی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە شەڕی 44 ڕۆژەدا بەدەستهێنا و دەستی بەسەر بەشێک لە ناوچەی قەرەباخدا گرت.
هەر لەو کاتەوە هەردوو وڵات دانوستانیان لەسەر پەیمانی ئاشتی و دیاریکردنی سنووری هاوبەشی هەزار کیلۆمەتری خۆیان دەکرد، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر نەیانتوانیبوو بگەنە ڕێککەوتن.