سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لە کۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیدا ڕایگەیاند لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی دێت.
لەمیانەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا لە کۆشكی سپی، بایدن لە پاڵ سەرۆک وەزیری عێراقدا وتی ئەرکی نوێی هێزەکانی ئەمەریکا " پێدانی مەشق و ڕاوێژ و یارمەتیدان دەبێت لە کۆتای هێنان بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام تاوەکو کۆتای ساڵ چیتر ئەرکی سەربازیی شەڕکردنمان نامێنێت."
بەڵام بایدن ڕەتی کردەوە ئاماژە بە ژمارەی ئەو هێزانە بدات لە عێراقدا دەمێننەوە کە لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکی لەو وڵاتەدا بوونیان هەیە.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بەر لە کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە گۆڕانکارییە لە ئەرکەکاندا. ئەمە نەهێشتنی هاوبەشیەکەی نێوانمان یاخود بوونمان و پەیوەندییە نزیکەکانمان لەگەڵ ڕابەرانی عێراقدا نیە."
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە ئالاسکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەتوانن چەند کارێکی جیاواز بکەن."
جێی ئاماژەیە لە مانگی چواردا ئەمەریکا و عێراق ڕێکەوتن لەسەر گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2015 دا دەستیپێکرد و سەنگی خستەسەر پێدانی مەشق و ڕۆڵی ڕاوێژکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق، بەڵام کاتێک دیارینەکرا بۆ گۆڕانکارییەکە.
هەفتەی ڕابردووش وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن بە دەنگی ئەمەریکای وت پێشبینی ئەوە دەکات هەردوو وڵات ڕێکبکەون لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەرکی سەربازیی شەڕکەری ئەمەریکا لە عێراق.
کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و کازمی لە کاتێکدایە هێرشەکان دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوامن و واشنتنیش گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە بەرپرس دادەنێت لەو هێرشانە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا