لە هێرشێکدا لە مالی سەربازێکی فەڕەنسی کوژرا

بەهۆی هێرشێکی موشەکیەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی فەڕەنسا لە مالی سەربازێکی فەڕەنسی کوژرا.

وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا هێرشەکەی ڕۆژی شەممە لە بنکەی سەربازیی ئەرکی بارخانی فەڕەنسی لە شاری گاۆ لە مالی ڕوویداوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە هێرشەکە لەلایەن " تیرۆریستانەوە " ئەنجامدراوە.

ئەرکی بارخان کە ئەرکێکی سەربازیی سوپای فەڕەنسایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاخیبووانی ناوچەی ساحیلی ئەفریقا، لە ساڵی 2014 ەوە لە مالی دەستیپێکردووە. جێگرەوەی ئەرکی سێرڤاڵی سوپای فەڕەنسا بوو کە مەبەست لێی کۆنتڕۆڵکردنەوەی باکووری مالی بوو کە لە ساڵی 2012 دا لەلایەن ئیسلامییەکانەوە کۆنتڕۆڵکرابوو.

لەم ساڵدا دوای ئەوەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن فەرمانیکرد بە کەمکردنەوەی هێزەکانی فەڕەنسا لە مالی، هێزەکانی ئەرکی بارخان لە بنکە سەربازییەکانی تیسالیت و کیدال و تیمبوکتوی باکووری مالی کشانەوە. بنکەی گاۆ بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی هێزەکە وەکو ناوەندی ئەرکی بارخان.

لەم ساڵانەی دواییدا دژایەتیکردنی بوونی سوپای فەڕەنسا لە مالی لە ناوخۆی فەڕەنسادا زیادیکردووە. هەروەها فەڕەنسا پشتیوانی لە سزاکانی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی ئەفریقای ڕۆژئاوا کردووە بۆ سەر مالی.

لەم مانگەدا هەزاران هاوڵاتی مالی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دژی سزاکان دەربڕی، زۆرینەشیان ناڕەزاییان دەربڕی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی فەڕەنسا لە مالی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا