هێزی پشتیوانی ئەڵمانیا دەگاتە لیتوانیا

ڕۆژی پێنجشەممە کاروانێکی سەربازیی ئەڵمانیا بە 130 سەرباز و 60 ئوتومبێلی سەربازییەوە گەیشتە لیتوانیا، نزیکەی نیوەی ئەو هێزانەی هێنایە لیتوانیا کە وابڕیار بوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕەوانەی ئەو وڵاتەیان بکات، ئەم هەنگاوەش لەنێوەندی زیادبوونی نیگەرانییەکاندایە سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی لە ئێستادا هەموو ئاماژەکان هەن لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی داڕشتووە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، لەوانەش هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ هێنانەوەی پاساوێک بۆ داگیرکردنەکەی. ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و هێزەکانی جیاخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا تەقەیان لەیەکتر کرد.

فەرماندەی هێزە شەڕکەرەکانی ناتۆ لە لیتوانیا کۆلۆنێڵ دانیێڵ ئاندرای وتی ئەرکی ڕەوانەکردنی هێزی پشتیوانی ئەڵمانیا بۆ لیتوانیا تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی هێزەکانی ئەڵمانیا لە لیتوانیا، کۆی ژمارەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە لیتوانیا دەبێتە زیاتر لە 350 سەرباز و هەروەها ئوتومبێلە سەربازییەکانیش بۆ 100 ئوتومبێل زیاد دەبن.

ئاندرای بە ڕۆیتەرزی وت " سەلماندمان کە دەتوانین لە مەودایەکی دوورەوە و لە ماوەیەکی کەمدا هێزەکان بهێنین."

کاروانە سەربازییەکە لە ڕۆژی سێشەممەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیاوە بەڕێکەوتوون و لەڕێی پۆڵەنداوە هاتوون بۆ لیتوانیا. لە دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا چەکە قورسەکانی وەکو هاویتزەریش دەگەنە ئەو وڵاتە.

جێگری وەزیری بەرگری لیتوانیا وتی " بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە لیتوانیا زۆر گرنگە لە بەربەست دانان لەبەردەم ڕووسیادا."

لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا نەرویجیش بە هەمان شێوە 50 بۆ 60 سەرباز ڕەوانەی لیتوانیا دەکات و لەچوارچێوەی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەبن لە لیتوانیا کە لەلایەن ئەڵمانیاوە ڕابەرایەتی دەکرێن. وەزیری بەرگری لیتوانیا وتی کۆی ژمارەی سەربازەکانی ناتۆ لە وڵاتەکەدا بەرز دەبێتەوە بۆ 1,610 سەرباز.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز