پاکستان یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات

پاکستان دەستیکردووە بە ڕەوانەکردنی هەزاران تەن گەنم بۆ ئەفغانستان، دەڵێت بارودۆخی مرۆیی و ئابووری ئەفغانستان پێویستی بەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە ئاوڕێ لێبداتەوە.

ئیسلامئاباد بەڵێنیداوە بەبڕی نزیکەی 28 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی پێشکەشی کابوڵ بکات، لەوانەش 50,000 تەن گەنم و پەناگەی زستان و پێداویستی تەندروستی.

لەکاتێکدا لەم هەفتانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکان بە خۆراک و پێداویستی تەندروستیەوە ڕەوانەی ئەفغانستان کراون، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی یەکەمین بارە گەنم کە بڕەکەی 1,800 تەنە ڕادەستی بەرپرسانی ئەفغانی کراوە لە باکووری ڕۆژئاوای سنووری تۆرکهام، کە یەکێکە لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە " زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی گەلی ئەفغانستان زیاتر بکات، تاوەکو ئاوڕێک لە قەیرانە مرۆییەکەی ئەو وڵاتە بداتەوە و ڕەوشی ئابووری تیایدا جێگیر بکات."

بەرپرسانی پاکستان دەڵێن ئەگەربەزوویی یارمەتیەکان نەگەنە ئەفغانستان، ئەوا قەیرانی مرۆیی و ئابووری لە ئەفغانستان خراپتر دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەفغانیەکان ناچار بکات پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەرن.

پاکستان لە ئێستادا نزیکەی 3 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لەخۆگرتووە، ڕەتیشی کردۆتەوە لێشاوێکی دیکەی کۆچبەران وەربگرێت، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ قورساییەکانی سەر ئابوورییەکەی خۆی.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 23 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی کە دەکاتە لە سەدا 55 ی دانیشتوانی ئەفغانستان، ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی خۆراک دەبنەوە، نزیکەی 9 ملیۆن هاوڵاتیش لە مەترسی برسێتیدان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا