ڕووسیا دەڵێت زۆرینەی ماریوپۆڵ لە هێزەکانی ئۆکرانیا پاککراونەتەوە

ڕۆژی شەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند ماریوپۆڵ سەرجەم ناوچەکانی دانیشتوان لە ماریوپۆڵ لە هێزەکانی ئۆکرانیا پاککراونەتەوە، وتیشی تەنها چەند چەکدارێکی کەم لە ئازۆڤستاڵ ماونەتەوە کە بەردەوام شەڕ و پێکدادانی تێدا بووە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە تاوەکو 16 ی مانگی چوار لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 4000 کەسیان لەدەستداوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام هەوڵییانداوە شاری ماریوپۆڵی سەر دەریای ئازۆڤ بگرن.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " سەرانسەری ناوچەکانی دانیشتوان لە شاری ماریوپۆڵ بەتەواوەتی پاککراونەتەوە، ئەو گروپە ئۆکرانیەی کە ماوەتەوە لە ئێستادا بەتەواوەتی لە وێستگەی ئازۆڤستاڵی ماددە کانزاییەکان گەمارۆدراون."

وتیشی " تەنها دەرفەتی مانەوەیان لە ژیاندا ئەوەی خۆبەخشانە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان بدەن بە دەستەوە."

تاوەکو ئێستا کیێڤ وەڵامی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیای نەداوەتەوە کە وتیشی تاوەکو ئێستا 1,404 سەربازی ئۆکرانیا لە ماریوپۆڵ خۆیان داوە بە دەستەوە.

مۆسکۆ دەڵێت تاوەکو ئێستا 23,367 سەربازی ئۆکرانیا زیانییان بەرکەوتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتەڕوو لەسەر ئەو بابەتە و ئاماژەشی بەوە نەداوە کە ئایا ئەو ژمارەیە تەنها ئەوانەن کە کوژراون یاخود ئەوانەش دەگرێتەوە کە برینداربوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا