تایوان لەم هەفتەیەدا بەشداری لە کۆبوونەوە لوتکەکەی ئەمەریکادا دەکات بۆ دیموکراسی کە لەڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا وڵاتانی وەکو ڕوسیا و چین بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەکە، ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەیە لەسەر پشتیوانی ئەمەریکا بۆ تایوان.
باڵیۆزی نافەڕمی تایوان لە ئەمەریکا هسیاو بی کیم و وەزیری کاروباری سیاسی تایوان ئۆدری تانگ نوێنەرایەتی تایوان دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا کە وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی بەڕێوەبچێت، هاوکات نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵات و دامەزراوە جیهانیەکان بەشداری تێدا دەکەن.
ئەندامی یاسادانەرانی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری نیشتیمانی تایوان وانگ تینگ یو وتی " ئەم کۆبوونەوەی دیموکراسیە ئاماژەیەکی کۆشکی سپیە لەسەر ئەوەی وڵاتانی دیموکرات دەبێت یارمەتی یەکتری بدەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی."
وانگ وتی بانگهێشتکردنی تایوان بۆ کۆبوونەوەکە " پەیامێکی ڕوونە بۆ چین " لەسەر ئەوەی تایوان هاوپەیمانێکی نزیکە و دەبێت وەکو وڵاتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەرچەندە حکومەتی تایوان تەنها لەلایەن 15 وڵاتەوە دانی پێدانراوە.
جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و تایوان پەیوەندیی دیبلۆماتی فەڕمیان نیە بەڵام ئەمەریکا هاوپەیمانێکی گەورەی دورگەکەیە. بەپێی یاسای پەیوەندییەکانی تایوان، ئەمەریکا بەڵێنیداوە یارمەتی تایوان بدات لە بەرگریکردن لە خۆی دژی هەڕەشەکانی دەرەوە.
دەرکەوتنی پشتیوانیەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان لەمدواییانەدا لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تایوان و چین دێت. لە مانگی 10 دا چین فڕۆکەی جەنگی بە ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایواندا برد.
وەکو وەڵامێک بۆ ئەو کارەی چین، ئەمەریکا بە ئاشکرا لێدوان لەسەر پشتیوانیکردن لە تایوان دەدات، لەمدواییانەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی چین " ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی زۆر خراپ " دەبێتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر تایوان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا