تاڵیبان دەڵێت 600 چەکداری ڕێکخراوی داعشی دەستگیرکردووە

تاڵیبانی ئەفغانستان دەڵێت لەدوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە دەست، نزیکەی 600 ئەندامی ڕێکخراوی داعشی خۆراسانی دەستگیرکردووە.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی هەواڵگری تاڵیبان لە کابوڵی پایتەخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فەرماندەی پلە باڵای " ڕێکخراوی داعشی خۆراسان لەنێو دەستگیرکراوەکاندا هەن.

کاهلیل هەمرازی وتەبێژ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی " ئەم پیاوانە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە ئێستا لەژێر ئەمنیەتێکی بەهێزدا لە زینداندان."

وتیشی بەهۆی ئەرکە سەربازییە بەردەوامەکانیشەوە دژ بە داعش نزیکەی 40 چەکداری گروپەکە کوژراون.

هەمراز حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستانی تۆمەتبار کرد بەوەی نزیکەی 1800 چەکداری ڕێکخراوی داعشی خۆراسانی لەگەڵ تاوانبارەکانی دیکەدا لە زیندانەکان ئازاد کردووە، بەرلەوەی لە مانگی هەشتدا تاڵیبان کابوڵ کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. وتیشی ئەو چەکدارانەی ئازاد کراون دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی ئەمدواییانەی سەر ئەفغانستاندا.

داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی کۆمەڵێک لە هێرشەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە، لەوانەش کردەوە خۆکوژییەکان. هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی تاڵیبان.

ئەم ئاشکراکردنی وردەکارییانە لەلایەن تاڵیبانەوە سەبارەت بە سەرکەوتنیان بەسەر داعشی خۆراساندا، لەکاتێکدا دێت ڕەخنەکان لە تواناکانی تاڵیبان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشە تیرۆریستیەکان لەزیادبووندایە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان تۆماس وێست لەم هەفتەیەدا وتی بەردەوامیی هێرشەکانی داعشی خۆراسان و بوونی ئەل قاعیدە لە ئەفغانستان نیگەرانی لای ئەمەریکا دروست کردووە.

ڕۆژی دووشەممە وێست لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت تاڵیبان " هەوڵێکی چالاکانە " دەدەن دژی داعشی خۆراسان.

وێست وتی " ئێمە سەرکۆنەی کوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوانی مەدەنی ئەفغانستان دەکەین کە لەم هەفتانەدا لەسەر دەستی هێرشە دڕندانەییەکانی داعشی خۆراسان گیانیان لەدەستداوە، پێم وایە ئێمە نیگەرانی زیادبوونی هێرشەکانی داعشی خۆراسانین و دەمانەوێت تاڵیبان سەرکەوتوو بێت لە دژیان."

سەبارەت بە ئەل قاعیدەش، وێست وتی " سەبارەت بە گروپەکانی دیکە، ئەل قاعیدە بەردەوامە لە بوونی لە ئەفغانستان و ئێمەش زۆر نیگەرانی ئەوەین، ئەوەش بابەتێکە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تاڵیباندا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا