بەهۆی مەترسی هێرشی توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە، پۆلیس ڕەوانەی شوێنە هەستیارەکانی ڤییەنا دەکرێن

ڕۆژی چوارشەممە ئوستریا پۆلیسی چەکداری لە شوێنە هەستیارەکانی ڤییەنای پایتەختدا جێگیر کرد، بە کڵێساکانیشەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی وڵاتەکە زانیارییەکی بە دەست گەیشتووە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدات پلان بۆ هێرشێکی توندڕەوە ئیسلامییەکان دادەڕێژرێت.

پۆلیسی شارەکە لە هەنگاوێکی دەگمەندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی بوونی پۆلیسی چەکدار لە شارەکەدا زیاتر دەبێت، بە هێزە تایبەتەکانیشەوە.

ڤییەنا یەکێکە لە پارێزراوترین پایتەختەکانی جیهان و هێرشی چەکدارەکان لەو شارەدا دەگمەنە. کوشندەترین هێرش لەو شارەدا لە ساڵی 2020 دا بوو کاتێک چەکدارێکی جیهادی چوار کەسی بە فیشەک کوشت، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژرایەوە.

پۆلیسی ڤییەنا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری خۆی بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " دەزگاکانی هەواڵگریمان هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە پلان بۆ هێرشێک داڕێژراوە و پاڵنەرەکەشی ئیسلامییە و لە ڤییەنا ئەنجام دەدرێت."

وتیشی " وەکو ڕێوشوێنێکی خۆپاراستن، ئەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە بکرێنە ئامانج پاسەوانی زیاتر و هێزی پۆلیسی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانیان تێدا جێگیر کراوە." وتیشی نازانین تاوەکو کەی ئەو ڕێوشوێنە تایبەتانە بەردەوام دەبن.

دوابەدوای ئاگادارییەکەی پۆلیس، شەقامەکانی ناوەڕاستی ڤییەنا کە پڕن لە گەشتیاران هەر بە قەرەباڵغی مانەوە. زیادبوونی بوونی پۆلیس لە کاثیدڕاڵی سەینت ستیفین بە کەمی هەستی پێدەکرا.

دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە ئاگادارییەکە، پۆلیس ئاگادارییەکەی نوێ کردەوە و ئاماژەی بەوەدا مەترسیی هێرشکردنە سەر کڵێساکان لە ڕاستیدا مەبەست لێی نەک تەنها کڵێساکانی کریستیانەکان بووە بەڵکو " پەرستگا و بیناکانی دیکەی ئایینەکانی تریش " دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز