بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانێتی سەربازی سعودیەوە بۆ سەر سەنعای یەمەن زیاتر لە 12 کەس کوژران

دانیشتوانی شارەکە دەڵێن بەهۆی هێرشێکی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیەوە بۆ سەر شاری سەنعای پایتەختی یەمەن نزیکەی 14 کەس لە بینایەکدا کوژران.

هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات و دژی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لەو وڵاتەدا دەجەنگێت. سەنعای پایتەختی یەمەن لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە.

ئەم هێرشە ئاسمانیەش دوای ئەوە دێت حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی سەر ئەبوزەبی ئیماڕاتیان ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس. جێی ئاماژەشە ئیماڕات لەو هاوپەیمانێتیە سەربازییەدایە کە سعودیە دژی حوسییەکان ڕابەرایەتی دەکات.

هاوپەیمانێتیەکە وتیشی ڕۆژی دووشەممە بەرپەرچی هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە بە ئاڕاستەی سعودیە هەڵدراون.

دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە وتی ڕۆژی سێشەممە هاوپەیمانێتیەکە ڕایگەیاندووە دەستیکردووە بە هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ سەر شوێن و کامپەکانی حوسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن.

لە ساڵی 2019 ەوە ئەم هێرشانەی ڕۆژی سێشەممە بە کوشندەترین هێرشی ئاسمانی دادەنرێن بۆ سەر سەنعا.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان هێرشە ئاسمانییەکە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 14 کەس، هێرشەکەش کراوەتە سەر ماڵی بەرپرسێکی پێشووی سەربازیی حوسییەکان.

سەرچاوەیەکی تەندروستی و دانیشتوانی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزیان وت لە هێرشەکەدا بەرپرسە سەربازییەکە و خێزانەکەی و کوڕە تەمەن 25 ساڵەکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی و هەندێکی کەسی دیکەی نەناسراو کوژراون.

وەزیری دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیەکەی حوسییەکان کە زۆرینەی باکووری یەمەنیان بەدەستەوەیە وتی بۆردومانەکانی هاوپەیمانێتیەکە لە شارەکەدا بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 20 کەس.

کەناڵی مەسیرەی حوسییەکانیش وتی بۆردومانەکان بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بەخانووەکان و دەیان کەس کوژراون و نزیکەی 12 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕۆژی دووشەممە حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر ئیماڕاتی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و کەوتنەوەی ئاگرێک لەنزیک فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی.

لە وەڵامدا ئیماڕات وتی مافی خۆیەتی وەڵامی " کردەوە تیرۆریستیەکان بداتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز