لێپرسراوی پۆلیسی بریتانی: هێرشه کانی لندن به بۆمبی خۆماڵی دروستکراو جێ به جێ کراون

پۆلیسی به‌ریتانی ده‌ڵێن ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌و بۆمبانه‌ی له هه‌فته‌ی ڕابووردوودا له له‌نده‌ن ته‌قینه‌وه‌، خۆماڵی بوون و له که‌ره‌سته‌ی کیمیایی ناو ماڵ دروست کراون.

پۆلیسی به‌ریتانی ده‌ڵێن ئه‌وان له ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌کانی پشکنین له ماڵی یه‌کێک له چوار گومانلێکراوه‌ هێرشبه‌ره‌ خۆکوژه‌کان له شاری لیدزی باکور جۆره‌ مادده‌یه‌کی کیمیاییان دۆزیوه‌ته‌وه‌ که باوه‌ڕده‌کرێت له دورستکردنی ئه‌و بۆمبانه‌دا به‌کارهێنرابێت که هه‌فته‌ی ڕابووردوو له له‌نده‌ن ته‌قێنرانه‌وه‌.

سه‌رۆکی پۆلیسی له‌نده‌ن ئایان بلێر ده‌ڵێت لێکۆڵه‌ره‌وان ده‌ستبه‌جێ به‌ شوێن ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌گه‌ڕێن که باوه‌ڕده‌کرێت یارمه‌تی ئه‌و چوار هێرشبه‌ره‌ خۆکوژه‌یان دابێت. به‌ڕێز بلێر ده‌ڵێت ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ به‌ڵگه‌ی بوونی په‌یوه‌ندی هێرشبه‌ران به‌ ئه‌لقاعده‌وه‌ ئه‌دۆزینه‌وه.‌

سه‌رۆکی ده‌زگای پۆلیسی له‌نده‌ن ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی که به‌شێک له لێکۆڵینه‌وه‌که‌ تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر پاکستان چونکه‌ یه‌کێک له گومانلێکراوه‌کان بۆ وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئاینی چووه‌ بۆ پاکستان. هه‌روه‌ها سیان له هێرشبه‌ر‌ه‌کان موسوڵمانی به‌ریتانی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک پاکستانین.‌

بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانیش، به‌ڕێز بلێر گوتی له ڕۆژانی داهاتوودا له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی موسوڵمانی به‌ریتانیدا کۆده‌بێته‌وه‌ تاوه‌کو ووتوێژ له‌و باره‌یه‌وه‌ بکه‌ن و پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ژماره‌یه‌کی ته‌له‌فۆن بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر که‌سانی گومانلێکراو و چالاکیه‌کانی ته‌رخان بکه‌ن. هاوکاتیش پۆلیسی قاهیره‌ شار‌ه‌زایه‌کی کیمیایی میسری گرتووه‌ و ده‌رباره‌ی ته‌قینه‌وه‌کانی له‌نده‌ن لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌درێت.