پۆلیسی عیراقی گروپێك به گومانی پلاندانان بۆ كوشتنی دادوه‌ری دادگایی كردنی سه‌دام له ده‌ستگیر ده‌كات

پۆلیسی عیراقی گرتنی گروپێكی راگه‌یاند، كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له هه‌شت عه‌ره‌بی سوننه‌ پێكهاتووه، به گومانی پیلان دانان بۆ كوشتنی دادوه‌رێكی دادگایی كردنی سه‌‌دام حوسێن‌‌ی رێبه‌ری له‌سه‌ر كار لادراوی عیراق.

كاربه‌ده‌ستانی پۆلیس ده‌لێن گروپه‌كه به‌یانی رۆژی شه‌ممه له ماڵێك له شاری كه‌ركوكی باكووری عیراق ده‌ستگیر كرا. ئه‌م ده‌ستگیركردنه‌ش ته‌نیا دوو رۆژ پێش له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دادگایی كردنی سه‌دامه، دوای دواخستنێك كه پێنج هه‌‌فته‌ی خایاند.

رۆژی دووشه‌ممه دادگایی كردنی سه‌دام ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و وا چاوه‌رێده‌كرێت یه‌كه‌م گه‌واهده‌ر تاوانه‌كانی سه‌دام به‌شداری تێدا بكه‌ن و گه‌واهی له‌سه‌ر كوژرانی زیاتر له سه‌دو چل گوندنیشینی شیعه بده‌ن كه له‌دوای هه‌وڵێكی كوشتنی سه‌دام له سالی هه‌زارو نۆسه‌دو هه‌شتاو دوو له شارۆچكه‌ی دوجه‌یل كوژران.

له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیری پێشووی عیراق له ووتوێژێكدا له‌گه‌ل رۆژنامه‌ی ئۆبسێرڤه‌ر ی به‌ریتانی گوتی پێشێلكاریه‌كانی مافی مرۆڤ له عیراق له هه‌مان ئاسته، ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وكاته‌ی سه‌دام له‌سه‌ر ده‌سه‌‌ڵات بوو.