ئانگێڵا مێركڵ: ده‌بێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت

ئانگێڵا مێركڵ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت ده‌بێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت هاوكاتی ووتوێژه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی بۆ سنورداركردنی به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ی تارانه‌.

خانم مێركڵ گوتی ئه‌و بواری كۆمه‌كه‌ ئابورییه‌ی ووڵاته‌كه‌یی و پێنج ئه‌ندامه ‌هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چین، ڕووسیا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا) دایانڕشتووه‌ به پێشنیازێكی فره‌ لایه‌ن ناساندویه‌تی.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌گه‌ڵ خافێر سۆلانای به‌ڕێوبه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا دا كردووه‌.

سۆلانا ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی داوه به‌ ئێرانیه‌كان و ده‌شڵێت ئاماده‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تاران به مه‌به‌ستی ووتوێژی زیاتر ئه‌گه‌ر پێویست بكات.

سه‌رۆك بوش به خۆشحاڵیه‌وه‌ پێشوازی له‌ وه‌ڵامی به‌رایی ئێران كرد و گوتی پێده‌چێت وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی پۆزیتیڤانه‌ بێت.

هه‌رچۆنێك بێ سه‌رۆك بوش ئه‌وه‌شی گوتووه‌ كه‌وا ته‌نها به تێپه‌ڕبوونی كات ده‌زانرێت ئایا ڕێبه‌رانی ئێران ئه‌و بوار ڕه‌خساندنه‌ به‌ ڕژد وه‌رده‌گرن یان نا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ و له لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێران له ستانی ته‌كساس، سه‌رۆك بوش گوتویه‌تی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خوازیاره‌ ئه‌م كێشه‌ ناوه‌كیه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ تاراندا له ڕێی دیپلۆماسیه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

شان مه‌ككۆرمه‌ك ده‌مڕاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ده‌ڵێت تاران چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی له‌به‌ر ده‌ستدایه ‌نه‌ك چه‌ند مانگێك تا تووتوێی وه‌ڵام دانه‌وه‌كه‌ی خۆی بكات.