زاڵمای خه‌لیل زاد گه‌شبینی خۆی به‌رامبه‌ر ڕه‌وشی عێراق نیشانداوه‌

باڵیۆزی ئه‌مریکا له به‌غدا ده‌ڵێت تیرۆرستان زه‌‌مینه‌ بۆ دابه‌شبونی نه‌ژادی له عێراق‌دا خۆش ده‌که‌ن و هانی توندوتیژی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌شی به‌ گه‌وره‌ترین کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م داهاتووی ووڵاته‌که‌ وه‌سف کرد.

زاڵمای خه‌لیل زاد به ‌کۆمیته‌یه‌کی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سیناتی ئه‌مریکی له واشنتۆنی پایته‌خت ڕاگه‌یاند که‌وا چه‌ند ووڵاتێکی که‌م وه‌ک سوریا و ئێرانیش کار بۆ تێکدانی ڕه‌وشی عێراق ده‌که‌ن.

به‌ڵام باڵیۆز خه‌لیل زاد گوتیشی هه‌ندێ له گروپه‌ یاخیبووه‌ سونیه‌کانیش له‌ ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده ‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی ئه‌لقاعیده‌ ئاشکرا ده‌که‌ن که‌ له دژی گروپه ‌بیانیه‌کان ئه‌نجام ده‌درێن.

هاوکاتیش گه‌شبینی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر داهاتووی عێراق نیشاندا به‌ تایبه‌تی له ڕووی به‌شداری گروپه‌ سونیه‌کان له پرۆسه‌ی سیاسی ووڵاته‌که‌دا.

باڵیۆز خه‌لیل زاد ئاماژه‌شی‌دا به‌وه‌ی که‌ زۆر له‌ ووڵاته‌ گرنگه‌کانی ناوچه‌که‌ بۆچونی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر داهاتووی عێراق هه‌ڵسه‌نگاندۆته‌وه‌ و ئێستا به‌ شێوه‌یه‌کی زیاتر باوه‌ڕییان به‌ سه‌رکه‌وتنی حکومه‌ته‌ نوێیه‌‌که‌ هه‌یه‌‌.