سـیسـتانی داوای كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی تایفی ده‌كات

ڕێبه‌ری باڵای موسـڵمانه‌ شـیعه‌كانی‌ عێراق داوای له‌ عێراقیـیه‌كان كرد یه‌كبگرن و هۆشـداری دا به‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ توندوتیژی تایفی وڵاته‌كه‌ وێران بكات.

ئایه‌توڵا عه‌لی سـیسـتانی پـیاوانی ئاینی و سـیاسی و سه‌رۆك خێڵه‌كانی هاندا تا ڕۆڵی خۆیان بـبینن بۆ ڕاگرتنی ئه‌و كوشـتاركاریـیه‌.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی سـیسـتانی به‌ دوای ئه‌و داوا هاوشـێوانه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌، ژه‌نه‌ڕاڵی له‌شـكری ئه‌مریكی ولیه‌م كالدوێـڵ گوتی هه‌رچه‌نده‌ پـلانـی سه‌قامگیركردنی ئاسایش له‌ پایته‌خت كاری پـێده‌كرێت به‌ڵام ژماره‌ی هێرشه‌ ڕۆژانه‌یـیه‌كانی كه‌ له‌م دوایـیانه‌دا ده‌كرێن زیادی كردووه‌.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ حكومه‌تی عێراقی ڕایگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی 30 هه‌زار كه‌س به‌ هۆی توندوتیژیـیه‌كانی مانگی ڕابووردوو ده‌ربه‌ده‌ر بوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت سه‌ربازانی ئه‌مریكی و عێراقی داوویانه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو شـارۆچـكه‌ی حه‌ویجه‌ و ریاز بۆ گه‌ڕان و پـشـكنین به‌ دوای میلیتانه‌كانی ئه‌لقاعیده‌.

ئه‌م كرده‌وه‌ له‌شـكریـیه‌ دێت به‌ دوای ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیــیانه‌ی كه‌ له‌و ناوچانه‌دا كراوه‌ و بۆته‌ مایه‌ی كوژرانی 31 سه‌ربازی عێراقی.

هه‌ر ڕۆژی پـێنـجشه‌ممه‌، له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند سه‌ربازێـكی مارینز له‌ پارێزگای ئه‌نبار كوژراوه‌.