جۆرج بوش و مه‌حمود عه‌باس هه‌فته‌ی داهاتوو له نیورک کۆده‌بنه‌وه‌

سه‌رۆک بوش هه‌فته‌ی داهاتوو له نیۆرک له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی فه‌له‌ستینیه‌کان مه‌حمود عه‌باس کۆده‌بێته‌وه‌.

ووته‌بێژێکی فه‌له‌ستینیه‌کان ڕۆژی شه‌ممه ڕایگه‌یاند که‌وا هه‌ردوو ڕێبه‌ر له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا هاوکات له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا کۆده‌بنه‌وه‌. به‌ڕێز عه‌باس و گروپی ئیسلامی چه‌کداری حه‌ماس هه‌وڵ ده‌ده‌ن حکومه‌تێکی یه‌کگرتووی نیشتمانی دابمه‌زرێنن به‌و هیوایه‌ی کۆتایی به‌‌و کێشه ‌سیاسی و ئابورییانه‌ بهێنن که حکومه‌تی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حه‌ماس دووچاری بۆته‌وه‌‌.

فه‌له‌ستینیه‌کان ئومێده‌وارن ئه‌و حکومه‌ته‌ یه‌کگرتووه نیشتمانیه‌ ڕێگه‌ به‌ ده‌ستپێکردنه‌وه به گه‌یاندنی یارمه‌تیه‌کانی ووڵاتانی بیانی خۆرئاوا بداته‌وه‌ که ‌له‌ دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حکومه‌تی فه‌له‌ستینیه‌کان له لایه‌ن حه‌ماسه‌وه ڕاگیرا پاش ئه‌وه‌ی توانیان له هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌کانی مانگی یه‌کی ڕابردوودا سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنن.

ڕۆژی هه‌ینی، یه‌کێتی ئه‌وروپا گوتویه‌تی ناردنی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ ڕاگیراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی حه‌ماس ڕازی نیه‌ به ‌بوونی ئیسرائیل و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی توندوتیژی، هه‌روه‌ها په‌سه‌ندکردنی په‌یمانه‌کانی ڕابوردووی ئاشتی.

واشنتۆنیش هۆشداری داوه‌ له‌ دژی لابردنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی وورده‌کارییه‌کانی سیاسه‌تی دامه‌زراندنی حکومه‌تی یه‌کگرتووی نوێی فه‌له‌ستینیه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.

هه‌روه‌ها بڕیاره‌، مه‌حمود عه‌باس له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا له‌گه‌ڵ کۆنده‌لیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاشدا کۆببێته‌وه‌.