فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له عێراق پێشبینی بینینی خێرای ئاكامی پلانه‌ نوێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناكات

  • Jim Randle

فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له عێراق هۆشداری له به‌رامبه‌ر پلانه‌ نوێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وشی ئاسایش له عێراق و ده‌ڵێت پێشبینی بینینی خێرای ئاكامی ئه‌و پلانانه‌ ناكات.

ژه‌نه‌ڕاڵ جۆرج كه‌یسی له به‌غدا بۆ ڕۆژنامه‌وانان قسه‌ی كرد و گوتی پێی وایه‌ وورده‌ وورده به‌ره‌وپێشچوون له‌ ڕه‌وشی ئاسایش‌دا به‌دی ده‌كرێت و بینینی ئه‌و ئاكامانه‌ش چه‌ند مانگێكی پێده‌چێت.

سه‌باره‌ت به‌و پلانه‌ی كه‌ سه‌رۆك بوش ڕایگه‌یاند و تیایدا بانگه‌شه‌ی ناردنی زیاتر له 20 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بۆ عێراق كرد، جۆرج كه‌یسی ده‌ڵێت باوه‌ڕی وایه‌ ڕێبه‌رانی سیاسی عێراقی له ئاستێكی به‌رزی پابه‌ندبووندان بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌وڵه‌كانی ناو ئه‌و پلانه‌‌. به‌ڵام كه‌یسی ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی هێشتا له‌ ڕێكخستنی هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقی‌دا كێشه‌یان هه‌یه‌.

ڕه‌خنه‌گرانی پلانه‌که‌ی سه‌رۆک بوشیش ده‌ڵێن ئه‌و پلانه‌ وه‌ستاوه‌ته سه‌ر ڕاده‌ی هاوکاری حکومه‌تی عێراقی که شیعه‌ ئاینزاکان تیایدا زۆرینه‌ن و تاوه‌کو ئێستا دوودڵ بوون له‌وه‌ی میلیشیاکانی شیعه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ به‌هۆی به‌شدارییان له توندوتیژی نه‌ژادی‌دا. ڕاپۆرته‌ هه‌واڵیه‌کانیش ده‌ڵێن واشنتۆن فشاری خستۆته‌ سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی توندتر له دژی میلیشیا نه‌ژادییه‌کان وه‌ربگرێت.

به‌ڵام باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکی له به‌غدا زاڵمای خه‌لیل زاد گوتویه‌تی حکومه‌تی عێراقی بڕیاره‌کانی خۆی ده‌دات و سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی له ووڵاته‌که‌دا هه‌یه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن چونکه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نی عێراق‌دایه‌.

هه‌روه‌ها گوتی ئه‌مه‌ریکا هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ حکومه‌تی عێراقی یاخود سه‌رۆک وه‌زیره‌که‌ی دانه‌ناوه‌ و یاخود پێ بڵێت ده‌بێت هه‌ڵوێست وه‌ربگریت و یاخود ده‌بێت شتێکی دیکه‌ بکه‌یت و ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ده‌بێت "س" بکه‌یت، باڵیۆز خه‌لیل زاد گوتی عێراق ووڵاتێکه‌ سه‌روه‌ری خۆی هه‌یه‌ و سه‌رۆک وه‌زیرێکی هه‌ڵبژێراوی هه‌‌یه‌.‌

سه‌رۆك بوشیش له میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی سی بی ئێس گوتویه‌تی مێژوو ده‌ریده‌خات كه‌وا ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یتوانی كاری باشتری له عێراق‌دا بكردایه ‌و بڕیاره‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ی بوو كه بوونه هۆی ناجێگیری ڕه‌وشی عێراق. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆك بوش هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی بۆ لابردنی سه‌دام حوسه‌ین كارێكی باش بوو چونكه ‌سه‌دام سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاری ناسه‌قامگیری بوو له ناوچه‌كه‌دا.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز بوش گوتی شكست هێنان له عێراق‌دا‌ ده‌بێته ‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران به‌هێز ببێت كه به‌ كۆمارێكی ئیسلامی وه‌سف كرد و گوتی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاشتی جیهان هه‌یه‌. هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئێرانیانه‌ له عێراق‌دا ده‌كات كه‌ باوه‌ڕده‌كرێت زیانیان به ‌ووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی گه‌یاندبێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش هوشیار زێباری پێشتر داوای ئازادكردنی پێنج ئێرانی كردووه‌ كه‌ له لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی‌یه‌وه‌ له شاری هه‌ولێری هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ستگیركراون و له‌وێ بۆ مه‌كته‌بێكی په‌یوه‌ندی ئێرانی كارییان كردووه ‌كه‌ له پرۆسه‌دا بووه‌ بۆ بوون به‌ قونسوڵخانه‌ی ئێرانی له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ش باوه‌ڕده‌كرێت تاوانبار بن به‌وه‌ی یارمه‌تی یاخیبوانیان له ناو عێراق‌دا داوه‌.