هێرشه‌ بۆمبیـیه‌كان له‌ عێراق زیاتر له‌ 40 كه‌س ده‌كوژن

هێرشه‌ بۆمبیـیه‌كان زیاتر له‌ 40 كه‌سی له‌ عێراق كوشـتووه‌، ڕۆژێـك پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی داوای له‌ هاوسـێـكانی كرد یارمه‌تی بده‌ن له‌ ڕاگرتنی توندوتیژی ڕۆژانه‌ی ناو وڵاته‌كه‌ی.

پـۆلیسی عێراقی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند كه‌وا هێرشـبه‌رێـكی خۆكوژ به‌لایه‌نی كه‌م 10 كه‌سی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا كوشـتووه‌ كاتێـك خۆی له‌ ناو پاسـێـكی بچوكدا له‌ نزیك زانكۆی موسـته‌نسریـیه‌ ته‌قاندۆته‌وه‌.

خۆكوژێـكی تریش خۆی له‌ نزیـك ئۆتۆمبیلێـك ته‌قانده‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك شیعه‌ی تێدا بوو له‌ ڕێوڕه‌سـمی ئاینی شـاری كه‌ربه‌لا گه‌ڕابوونه‌وه‌ و به‌لایه‌نی كه‌م 31 كه‌س كوژران.

له‌ شـاری موسڵیش بۆمبێـك له‌ ناو پـرسـگه‌ی گه‌وره‌ترین پارتی سوننی عێراقی (حزبی ئیسلامی عێراق) ته‌قیـیه‌وه‌، وه‌ له‌ ئاكامدا 3 كه‌س كوژران.

هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاندا كه‌وا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان 15 چه‌كداری ئه‌لقاعیده‌ و شه‌ڕكه‌ری بـیانیـیان ده‌سـتـگیر كردووه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالكی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ی به‌غدا داوای له‌ نوێنه‌ره‌كان كرد یارمه‌تی بده‌ن له‌ ڕێـگه‌گرتن له‌و تۆڕانه‌ی یارمه‌تی توندڕه‌وه‌كانی ناو عێراق ده‌ده‌ن.

هۆشـداری ئه‌وه‌شی دا به‌وه‌ی زیادبوونی تێرۆریزم و توندوتیژی ڕه‌نگه‌ سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرێته‌وه‌.

له‌ تارانیش گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران محه‌مه‌د عه‌لی حوسه‌ینی به‌ په‌یامنێرانی گوت كۆنگره‌كه‌ی عێراق هه‌نگاوێـكی یه‌كه‌می باش بوو.