چین داوا له‌ ئێران ده‌كات ڕه‌چاوی نیگه‌رانی كۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی بكات

چین هانی ئێرانی داوه‌ كه‌ بایه‌خ به‌ نیگه‌رانی په‌ره‌سه‌ندووی نێونه‌ته‌وه‌ی بدات سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ گوته‌بێژێـكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین، لیو ژیانچاۆ، ڕایگه‌یاند كه‌ به‌یجین ئومێده‌واره‌ گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ جۆرێـكی ئاشتیانه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ڕێـگه‌ی گفتوگۆ و ڕاوێـژكاریـیه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن.

شـایانی باسه‌ چین و ڕوسیا دوو دڵن له‌ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێـكی توندتر به‌رامبه‌ر به‌ ئێران له‌سه‌ر سه‌ركێشیـكردنی له‌ داوای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ڕاگرتنی چالاكیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی.

هه‌ر چۆنێـك بێت سه‌رجه‌م پـێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میـشه‌یـیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕازیبوون وتووێژ له‌سه‌ر سه‌پاندنی سـزای نوێ دژی ئێران بكه‌ن پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران.

ڕۆژی چوراشه‌ممه‌ش سه‌رۆك بوش ڕایگه‌یاند كه‌ ئێرانێـكی خاوه‌ن چه‌كی ناوه‌كی زۆر مه‌ترسـیدار ده‌بێت. له‌ كۆنفرانسـێـكی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسی نیكۆلاس سـاركۆزی به‌ڕێز بوش ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ردوو وڵات له‌ كاركردندان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێـكی دیبلۆماتی بۆ قه‌یرانی ناوه‌كی ئێران.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سـاركۆزی گوتی به‌ هیچ جۆرێـك نابێت تاران خاوه‌نی چه‌كی ناوه‌كی بێت، به‌ڵام گوتیشی كه‌ ده‌توانێت به‌رنامه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ناوه‌كی له‌ بواری سڤیلدا هه‌بێت.