پارتی ده‌سه‌ڵاتداری میسر سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی شـاره‌وانیدا ده‌هێنێت

ده‌زگای میدیای حكومه‌تی میسری ده‌ڵێت له‌ هه‌ڵـبژاردنی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شـاره‌وانیـیدا حزبی حوسـنی موباره‌كی سه‌رۆكی وڵات له‌ سه‌دا 70 ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ گروپـی ئیخوان ئه‌لموسـلیمین به‌شـداریـیان تیادا نه‌كرد.

دوای ئه‌وه‌ی گروپـی ئیخوان ئه‌لموسـلیمینی قه‌ده‌غه‌كراو ڕایانگه‌یاند به‌شـداری له‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا ناكه‌ن به‌هۆی ده‌سـتگیركردنی ئه‌م دوایـیه‌ی 800 ئه‌ندامی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی میسـریـيه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ هاوڵاتیـیانی میسری ئاماده‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ بوون.

گروپـی ئیخوان ئه‌لموسـلیمین ده‌ڵێت به‌رپـرسـانی میسری ڕێـگه‌ی ته‌نها به‌ 20 ئه‌ندامی گروپـی ناوبراو داوه‌ كه‌ به‌شـداری له‌ ململانه‌ی 52 هه‌زار كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شـاره‌وانیدا بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پـێشـتر دادگای میسری ڕایگه‌یاند ژماره‌یه‌كی زیاتری پاڵـێوراوانی ئیخوان ئه‌لموسلیمین به‌شـداری له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ ده‌نگدانه‌كه‌ دوابه‌دوای چه‌ندان ڕۆژ له‌ خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی توندوتیژی هه‌زاران له‌ هاوڵاتیـیانی میسـری بوو و هۆكاری خۆپـیشـاندانه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نائومێدی میسـریـیه‌كان له‌ حكومه‌ت و هه‌روه‌ها له‌ ئابوری لاوازی وڵاته‌كه‌. هاوكات لـێپـرسـراوانی هێزه‌كانی ئاسـایشی میسری ده‌ڵێن شه‌وی ڕابردوو له‌ ئاكامی ته‌قه‌كردنی هێزه‌كانی پـۆلیس له‌ شـاری محه‌له‌ت ئه‌لكوبرا لاوێـكیان كوشـتووه‌.