نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆمه‌كی ئاسـمانی بۆ بورما ڕاده‌گرێت

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌شـته‌ ئاسـمانیـیه‌كانی ناردنی كۆمه‌كی بۆ بورما ڕاگرت پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌وێ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ فریاگوزاریـیانه‌دا گرت كه‌ بۆ لێقه‌وماوانی زریانه‌ كوشـنده‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕه‌وانه‌ كرابوون.

كاربه‌ده‌سـتانی به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێن ڕۆژی هه‌ینی 2 باری خۆراك و كه‌لوپه‌ل كه‌ بۆ لێقه‌وماوان ڕه‌وانه‌ كرابوون له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی بورماوه‌ ده‌سـتی به‌سه‌ردا گیراوه‌. ده‌شڵێن ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی حكومه‌تی بورما قبوڵ ناكرێت و ئه‌وان هیچ ڕێــیه‌كیان له‌ به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ ته‌نها ڕاگرتنی كۆمه‌كه‌كان نه‌بێت تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی حكومه‌تی بورما ڕه‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی توڕه‌كردنی زیاتری كۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی لێی له‌سه‌ر چۆنێتی كار و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ زریانه‌كه‌. هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سـتانی بورما ڕێیان به‌ كارمه‌ندانی فریاگوزاری بیانی نه‌داوه‌ بچنه‌ ناو وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ و یارمه‌تی بده‌ن له‌ دابه‌شـكردنی كۆمه‌كه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ی كه‌ پـێویسـتیـیان به‌ یارمه‌تیـیه‌.

شـایانی باسه‌ بورما قایل بووه‌ كۆمه‌كی بیانی وه‌ربگرێت، به‌ڵام سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌سانی خۆی به‌سه‌ر هاوڵاتیـیاندا دابه‌شیان بكه‌ن.

كاربه‌ده‌سـتانی بورما ده‌ڵێن تا ئێسـتا ژماره‌ی كوژراوانی زریانه‌كه‌ گه‌یشـتۆته‌ نزیكه‌ی 23 هه‌زار كه‌س و هێشـتا 42 هه‌زار كه‌سی تریش بێ‌سه‌روشوێنن، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ڕوودانی زریانه‌كه‌. كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكایی و وڵاتانی تر هۆشـداری ده‌ده‌ن به‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی زیانه‌ گیانیـیه‌كان بگاته‌ 100 هه‌زار كه‌س.

سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی كۆمه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا لویس ڕامیرێز له‌ بانكۆكی پایته‌ختی تایله‌نده‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوكارمان هێرۆ زه‌نگه‌نه‌ به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌ و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 3:28 خوله‌كه‌.