حزبوڵڵا قایل بووه‌ دیله‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ئاڵوگۆڕ بكات

ڕابه‌ری گروپی حزبوڵڵای لوبنانی شیعه‌ ئاینزا ده‌ڵێت گروپه‌كه‌ی سه‌ودای ئاڵوگۆڕكردنی دیله‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسـرائیلدا په‌سه‌ندكردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن نه‌سـڕوڵـڵا له‌ وتارێـكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ گوتی گروپی حزبوڵڵا 2 سه‌ربازی دیلی ئیسرائیلی كه‌ بڕوا ده‌كرێن مردبن ده‌داته‌وه‌ ده‌سـتی ئیسـرائیل له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی 5 به‌ندكراوی لوبنانی له‌ ئیسـرائیل، به‌ڵام ئاشـكرا نیـیه‌ كه‌ ئاخۆ پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی دیله‌كانی هه‌ردوولا كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو حكومه‌تی ئیسـرائیلی سه‌ودای ئازادكردنی دیله‌ لوبنانیـیه‌كانی په‌سه‌ندكرد، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر دانه‌وه‌ ده‌سـتی ته‌رمی 2 سه‌ربازی ئیسـرائیلی ئه‌وانه‌ی له‌ میانه‌ی به‌زاندنی سـنووری ئیسـرائیل له‌ سـاڵی 2006 دا له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی حزبوڵڵاوه‌ به‌دیل گیرابوون.

به‌ڵام ئێهود ئۆڵمه‌رتی سه‌رۆك وه‌زیری ئیسـرائیلی له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتوویه‌تی كه‌ ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه‌ ئه‌و 2 سه‌ربازه‌ له‌ ژیاندا نه‌ماون.