له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ماشـێـنێـكی بۆمبڕێژراو له‌ توركیا 13 كه‌س بریندارده‌بن

به‌رپـرسـانی توركیا ده‌ڵێن له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ماشـێـنێـكی بۆمبڕێژراو له‌ شـاری ئیزمیر له‌ خۆرئاوای توركیادا 13 كه‌س برینداربوون كه‌ زۆربه‌یان كارمه‌ندانی پـۆلیسن.

ده‌شڵێن ته‌قینه‌وه‌كه‌ سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ جێی گرت له‌ نزیـك ماشـێنه‌كانی كه‌ پـۆلیس و سه‌ربازانی هه‌ڵـگرتبوو. برینداران بریتین له‌ 7 كارمه‌ندانی پـۆلیس و 3 سه‌رباز و 3 مه‌ده‌نیش.

ئاژانسی ئه‌نه‌تۆلیا له‌سه‌ر زاری جاهت كراج فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمی ئیزمیر ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ئاكامی كه‌ره‌سـته‌یه‌كی بۆمبڕێژراوی پـلاسـتیـكیـیه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ له‌ دوره‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كرابوو.

هه‌رچه‌ندێـكه‌ تاكو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ كه‌سـێـك به‌رپـرسـیارێتی ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام كاربه‌ده‌سـته‌ توركه‌كان گومانیان له‌ كورده‌ سه‌رهه‌ڵداوه‌كان هه‌یه‌.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ دوو ڕۆژ به‌ دوای ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆكوژیدا هاتووه‌ كه‌ 9 كارمه‌ندانی پـۆلیسی له‌ هه‌رێمی مێرسین له‌ باشوری توركیادا برینداركرد.

سه‌باره‌ت به‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی شـاری ئیزمیر په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا زنار كایه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا ڕاپـۆرتی ناردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:18 خوله‌كه‌.