زلهێزه‌كانی جیهان هه‌ڵوێسـتی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئێران دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

دیپـلۆماته‌ باڵاكانی شه‌ش وڵاتانی مه‌زنی جیهان ڕۆژی هه‌ینی ڕێـكه‌وتن له‌سه‌ر داڕشـتنی به‌رنووسی بڕیارێـكی نوێی ئه‌نجومه‌نی ئاسـایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ داوا له‌ ئێران ده‌كات به‌ داخوازیـیـه‌كانی پـێشـوویان بۆ ڕاگرتنی چالاكیـیه‌كانی پـیتاندنی یۆرانیۆم پابه‌ندبێت.

ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ك سـازشـكردنێـك بوو له‌ نێوان هه‌ر شه‌ش وڵاتانی زلهێز ( ڕوسـیا، ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، چین، فه‌ره‌نسـا، ئه‌ڵمانیا) سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن بڕیاره‌كه‌ هیچ سـزایه‌كی نوێی له‌ دژی ئێراندا تیادا نیـیه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ ده‌دات به‌وه‌ی بڕیاره‌كانی پـێشـوو هێشـتا به‌ شـێوه‌یه‌كی یاسـایی له‌ دژی ئێران ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت پـێـیانه‌وه‌ پابه‌ندبێت.

ڕوسـیا خوازیاری دانوسـتاندنی زیاتری له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كرد، هاوكات فه‌ره‌نسـا و ئه‌مه‌ریكاش داوای سه‌پاندنی سـزای نوێـیان ده‌كرد.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاش ده‌یڤد میلیباد گوتی هه‌ر شه‌ش وڵاته‌كه‌ ڕێـكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنووسی بڕیاره‌ پـێشـكه‌شی ئه‌نجومه‌نی ئاسـایش بكرێت تا له‌وێ تاوتوێ بكرێت و پاشـان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

میلیباند گوتیشی ئێران له‌به‌رده‌م دوو بژاره‌ی ڕووندایه‌‌، ئه‌ویش یان پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی، وه‌ یان ئه‌و كاره‌ نه‌كات و خۆی ڕووبه‌ڕووی سـزای نوێ بكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا ده‌یڤد گۆڵه‌ست له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارمان موعته‌به‌ر شـیروانی به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:45 خوله‌كه‌.