دوو لێـپرسـراوی خۆجێی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فغانسـتان ده‌کوژرێن

کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن له‌ ئاکامی زنجیره‌یه‌ک ڕووداوی کاری توندوتیژی له‌ ئه‌فغانسـتان به‌ لای که‌م 15 که‌س کوژراون.

له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌فغانی ده‌ڵێت پـۆلیسی ئه‌فغانی و سه‌ربازانی فره‌ ڕه‌گه‌ز شه‌وی ڕابردوو له‌ پارێزگای هێلمه‌ندی باشوری ئه‌فغانسـتان 10 چه‌کداریان کوشت.

هاوکات هێزه‌کانی هاوبه‌ندی به‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مریکا ده‌ڵێت سه‌ربازانیان ڕۆژی هه‌ینی ده‌سـتڕێژیان له‌ شـۆفێری ئۆتۆمبیلێـک کرد، شۆفێره‌که‌یان کوشت. له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن شـۆفێره‌که‌ له‌و ده‌مه‌ی له‌ خاڵێـکی پـشـکنین نزیـک ده‌بووه‌وه‌ ڕانه‌وه‌سـتا، هه‌ر بۆیه‌ ته‌قه‌یان لێـکرد، ڕووداوه‌که‌ له‌ پارێزگای خۆست بوو. هه‌روه‌ها به‌یانـنامه‌یه‌کی له‌شـکری وا ڕاده‌گه‌یه‌نێت منداڵـێـک و ژنێـکیش له‌و ڕووداوه‌دا برینداربوون.

هه‌ر له‌ ئه‌فغانسـتان و له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن له‌ سێ هێرشی جیادا 2 لێـپـرسـراوی خۆجێی و 2 پـۆلیس کوژراون.