سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریکا و کوبا له‌ شه‌و ڕۆژێـکدا ئاسایی نابێته‌وه‌

به‌ مه‌به‌سـتی به‌شـداریکردنی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌یی ئه‌مریکادا، ئه‌وه‌ی 34 وڵات ئاماده‌ی ده‌بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سـته‌ باراک ئۆبامای سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌مڕۆ به‌ فڕۆکه‌ سه‌ردانی ترینیداد و تۆباگۆی دورگه‌ی کاریبی ده‌کات.

پـێشـبینی ده‌کرێت سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕووبه‌ڕووی داواکاری ڕوو له‌ هه‌ڵـچوو بـبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی داوای لێـده‌که‌ن سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر کۆبای کۆمۆنیسـت بگۆڕێت.

له‌ وتارێـکدا که‌ دوێنی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌کانی سه‌رانسه‌ری ئه‌مریکادا بڵاوکرایه‌وه‌ تیایدا باراک ئۆباما ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌ لووتکه‌یی‌یه‌که‌ ده‌رفه‌تی سه‌ره‌تایه‌کی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و وڵاتانی ئه‌مریکای لاتینی بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڕه‌خسـێـنێت. هاوکات گوتیشی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌م دوایـیه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ خاوکردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر گه‌شـتکردن بۆ کوبا و هه‌روه‌ها ڕه‌وانه‌کردنی پاره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریکایی‌یه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوبیـیه‌کان بۆ خانه‌واده‌کانیان له‌ کوبا دوا، ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌وڵێـکی سه‌رۆکی ئه‌مریکا بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ مشتومڕکردن له‌سه‌ر ڕابردوو.

به‌ڵام دوێنێ له‌ میانه‌ی کۆنفرانسـێـکی ڕۆژنامه‌وانی له‌ شـاری مه‌کسـیکۆ سه‌رۆک ئۆباما گوتی ئه‌و پـێشـبینی ناکات په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان واشنتن و کوبا له‌ شه‌و ڕۆژێـکدا ئاسایی بـبنه‌وه‌.