تورکیا ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به‌یانـنامه‌که‌ی ئۆباما له‌سه‌ر کوشتنی ئه‌رمه‌نه‌کان ده‌رده‌بڕێت

حکومه‌تی تورکیا ڕه‌خنه‌ی له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کی سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باراک ئۆباما گرتووه‌ بۆ دانپـیادانانی به‌ کوژرانی زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن ئه‌رمه‌نی له‌ سه‌رده‌می عوسـمانیـیه‌کاندا.

له‌ ده‌می قسه‌کانیدا له‌ بولغاریا سه‌رۆکی تورکیا عه‌بدوڵڵا گول گوتی سه‌رۆکی ئه‌مریکا ده‌بووایه‌ خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ کوژرانی سه‌دان هه‌زار تورک و موسـڵمانیش ده‌ربـبڕیایه‌ که‌ له‌ نێوان سـاڵانی 1915 و 1923 دا کوژراون.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیاش گازنده‌ی کردبوو و گوتبووی به‌شێـک له‌ به‌یانـنامه‌که‌ی به‌ڕێز ئۆباما جێـی ڕه‌زامه‌ندی نیـیه‌.

ڕۆژی هه‌ینی سه‌رۆک باراک ئۆباما به‌ بۆنه‌ی سـاڵیادی کوشـتنی ئه‌رمه‌نه‌کان به‌یانـنامه‌یه‌کی ده‌رکرد و تیایدا گوتی ئه‌و کوشـتنه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ی ده‌رحه‌قی ئه‌رمه‌نیـیه‌کان کرا، ئه‌وه‌ی‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت 1.5 ملیۆن ئه‌رمه‌نی تیادا کوژرابێت یه‌کێـکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و کاره‌ دڕندانانه‌ی که‌ له‌ سه‌ده‌ی 20 ئه‌نجام درابن.

شـایانی باسه‌ به‌ڕێز ئۆباما له‌ ده‌می هه‌ڵـمه‌تی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تیدا جینوسـاید بۆ ئه‌م کوشـتنه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌رمه‌نیـیه‌کان به‌کارده‌هێنا، به‌ڵام له‌وه‌تای بووه‌ته‌ سه‌رۆک ئه‌م ده‌سـته‌واژه‌یه‌ی به‌کارنه‌هێناوه‌.