له‌ ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـک له‌ ناو چایخانه‌یه‌کی به‌غدا 9 که‌س ده‌کوژرێن

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت 9 که‌س کوژاروه‌ و به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 13 که‌سی دیکه‌ برینداربوون له‌ میانه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی له‌ چایخانه‌یه‌کی به‌غدا ڕوویدا.

کاربه‌ده‌سـتانی وه‌زاره‌ت ده‌ڵێن ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ دره‌نگانێـکی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ و له‌ گه‌ڕه‌کێـکی زۆرینه‌ی شـیعه‌کان له‌ باشوری خۆرئاوای به‌غدا ڕوویدا.

سه‌رباری ڕووداوه‌ توندوتیژیـیه‌کان و ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ڕووده‌ده‌ن، حکومه‌تی عێراقی ده‌ڵێت ژماره‌ی قوربانیانی ڕووداوه‌ توندوتیژیـیه‌کان که‌مبوونه‌ته‌وه‌ و مانگی ڕابردوو له‌ هه‌موو کاتێـکی دیکه‌ که‌متربووه‌ به‌ تایبه‌تی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگی چواردا.

به‌پـێی ئه‌و ڕاپـۆرته‌ی له‌م هه‌فته‌یه‌شـدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ 165 عێراقی که‌ 134 یان خه‌ڵـکانی سـڤیل بوون له‌ ئاکامی ڕووداوه‌ توندوتیژیـیه‌کانی یاخیبووان له‌ مانگی پـێـنجدا کوژراون.

به‌پـێی ده‌سه‌ڵاتداران له‌شـکری عێراق له‌ ژێر فشـارێـکی زۆردایه‌ بۆ نیشـاندانی ئه‌وه‌ی که‌وا ده‌توانن ئاسایشی وڵاته‌که‌یان بپـارێزن به‌ تایبه‌تی له‌ پـێش 30 ئه‌م مانگی شه‌شه‌دا که‌ واده‌ی ده‌ستکردنه‌ به‌ کشـانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریکیـیه‌کان له‌ زۆربه‌ی شـاره‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ بنکه‌کانی خۆیان.