ڕاگه‌یاندنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد ده‌بێته‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی

ڕاگه‌یاندنی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد سه‌رۆکی کۆنه‌پارێزی ئێران وه‌ک سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی سه‌رۆکایه‌تی ئێران بۆته‌ مایه‌ی دروسـتبوونی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی ئه‌و وڵاته‌.

سادق مه‌حسوڵی وه‌زیری ناوخۆی ئێران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ سه‌دا 62.6 ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵـبژاردنی به‌ده‌سـتهێناوه‌ و میر حسێن موسه‌ویی ڕکابه‌ره‌ سه‌ره‌کیـیه‌ ڕیفۆرمسـته‌که‌ی سه‌رۆکی ئێران له‌ سه‌دا 33.75 ی ده‌نگه‌کانی هه‌بووه‌.

میر حسێن موسه‌ویی که‌ پـێشـتر پـۆسـتی سه‌رۆک وه‌زیری هه‌بووه‌ ڕاگه‌یاندنێـکی ده‌رکردووه‌ و به‌ توندی ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی به‌ پـێشـلکاریـیه‌کان له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا ناودێری ده‌کات. هه‌ر له‌و ڕاگه‌یاندنه‌شـدا میر حسێن موسه‌ویی په‌یمانی داوه‌ خۆی نه‌داته‌ ده‌ست ئه‌و به‌رئه‌نجامانه‌ی بڵاوکراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ش له‌ تاران باری ئاسایشی توند گیرابوو هاوکاتی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵـک بۆ ئه‌نجامه‌ کۆتایی‌یه‌کان. له‌ یه‌کێـک له‌ مه‌یدانه‌کانی تاراندا لایه‌نگرانی موسه‌وی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پـۆلیسـدا به‌ یه‌کیاندادابوو.

ئه‌نجامه‌کان بوونه‌ مایه‌ی سه‌رسـوڕمانی زۆرێـک له‌ چاودێران که‌وا چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد ئه‌نجامه‌کان زۆر نزیـک بن به‌ تایبه‌تیش له‌ نێوان مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد و میر حسێن موسه‌ویـدا که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری ده‌نگده‌رانیش به‌شـداریـیان له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا کردبوو.

ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی ڕێبه‌ری ڕۆحانی ئێران به‌ خۆشـحاڵـیـیه‌وه‌ پـێشـوازی له‌م ئه‌نجامانه‌ کردووه‌ و گوتوویه‌تی به‌شـداری زۆری خه‌ڵـک که‌ زیاتر له‌ سه‌دا 80 ی ده‌نگده‌ران بوون و 24 ملیۆن ده‌نگ بۆ مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد مانای خۆشـیـیه‌کی ڕاسـته‌قینه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکی ئێران.

هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دانی عیالۆن جێـگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل گوتوویه‌تی به‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵـبژاردن و ڕاگه‌یاندنی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد به‌ سه‌رکه‌وتووی ئه‌م هه‌ڵـبژاردنانه‌ ئه‌وه‌ نیشـان ده‌دات هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسـیـیه‌کانی ئێران په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. عیالۆن ده‌ڵێت ده‌بێت کۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رنامه‌ی ناوه‌کیـیه‌که‌ی ئێران ڕابگرێت و هه‌روه‌هاش ئه‌و تێرۆریزمه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ دێت.