ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی داوا ده‌کات‌ له‌ ڕێـگه‌ی یاسایی‌یه‌وه‌ کێشه‌ی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ یه‌کلا بکرێته‌وه‌

ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌ت له‌ ئێران ڕایگه‌یاند که‌وا ڕێبه‌ری ڕوحانی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی به‌ کاندیدی شـکسـتخواردوو میر حسێن موسه‌وی گوتووه‌ له‌ ڕێـگه‌ی یاسایی‌یه‌وه‌ سـکاڵای خۆی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ بکات.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ دوابه‌دوای دوو ڕۆژ له‌ خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی خه‌ڵـکی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی تاران دێت که‌ تیایدا چه‌ند توندوتیژیـیه‌کیشی لێـکه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕاگه‌یاندنی سه‌رکه‌وتنی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ڕۆژی هه‌ینیدا له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌سـتانه‌وه‌.

مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ڵێت هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ ئازاد و ڕه‌وا بووه‌.

لایه‌نگرانی به‌ڕێز موسه‌وی‌ش داوایان کرد ڕۆژی دووشه‌ممه‌ خۆپـیشـاندانێـکی مه‌زن له‌ تاران سـازبکرێت بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد به‌ ساخته‌کاری سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌سـتهێناوه‌.

هێشـتا ڕوون نیـیه‌ ئایا ئه‌و خۆپـیشـاندانه‌ ده‌کرێت یان نا پاش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران ڕایگه‌یاند خۆپـیشـاندانی له‌و جۆره‌ نا یاسایی‌یه‌.

هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌کی دیپـلۆماتی گوتی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد ڕۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌ردانی مۆسـکۆ ناکات وه‌ک پـێشـتر ڕاگه‌یاندرابوو که‌وا له‌وێ له‌ کۆنگریه‌کدا ئاماده‌ ده‌بێت.

له‌ ئه‌ڵمانیاش حکومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ باڵوێزی ئێرانی بانگێشت‌کرد تا ڕوونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ بدات.