ئاکامه‌کانی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی له‌ ئێران

  • موعته‌به‌ر که‌ریم

به‌پـێی ئه‌و ڕاپـرسـیـیه‌ گشـتیـیانه‌ی به‌ر له‌ ده‌نگدانه‌که‌ی ڕۆژی هه‌ینیدا له‌ ناو ئێراندا ئه‌نجامدران پـێشـبینی ده‌کرا میر حسێن موسه‌وی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وه‌ش ئومێدێـکی زۆری لای به‌شێـکی خه‌ڵـکی ئێران دروستکرد به‌وه‌ی کۆتایی به‌ سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد وا دێت.

به‌ڵام ئه‌نجامه‌کانی که‌ له‌سه‌ر زاری وه‌زیری ناوخۆی ئێران سادق مه‌حسوڵی ڕاگه‌یه‌ندرا نیشـانی ده‌دا ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد شـتێـک که‌متر له‌ دوو هێنده‌ی میر حسێن موسه‌وی ده‌نگی هێناوه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی گومانێـکی زۆر بکرێت له‌وه‌ی ساخته‌کاری له‌ پـرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌دا کرابێت، ئێدی به‌ ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ تارانی پایته‌خت و چه‌ند شـارێـکی دیکه‌ی ئێراندا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی و پاشـان توندوتیژی لێـکه‌وته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک کوژران و بریندار بوون.

ڕۆژی هه‌ینیش ڕێبه‌ری باڵای ئێران ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی وتارێـکی له‌و باره‌یه‌وه‌ پـێشـکه‌ش کرد و تیایدا داوای ڕاگرتنی خۆپـیشـاندان و ڕێـپـێوانه‌کانی کرد و گوتی ئه‌و مل‌که‌چی ئه‌و جۆره‌ ناڕه‌زایی‌یانه‌ نابێت، هه‌روه‌ها به‌ ڕوونی پـشـتگیری له‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد کرد و گوتی بیروبۆچوونه‌کانی زۆر له‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه‌ نزیکن.

هاوکارانمان موعته‌به‌ر شـیروانی و حه‌یده‌ر که‌ریم به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌یان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌رخان کردووه‌ و ئه‌م به‌ڕێزانه‌ش میوانانی به‌رنامه‌که‌ بوون:
ئیدریس ئه‌حمه‌دی، لێـکۆڵه‌ره‌وه‌ی سـیاسی له‌ سوید.
خالید ته‌وه‌کولی، کۆمه‌ڵناس له‌ ئێران.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌که‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی کلیـکـکردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌که‌ی 50:42 خوله‌که‌.