ئێران ده‌ڵێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌

میدیای ئێرانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند و گوتی ئه‌نجومه‌نی شورای نیگه‌هبان ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ڵـناوه‌شـێنێته‌وه‌، واته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ مشـتومڕی گه‌وره‌ی له‌ ئێراندا هێناوه‌ته‌ گۆڕێ.

ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی ئێرانی ده‌شـڵێت فێڵ و سـاخته‌کاری زۆر له‌ پـرۆسه‌ی ده‌نگدانی سه‌رۆکایه‌تیدا نه‌بووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌باس عه‌لی وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی شـورای نیگه‌هبان له‌ دره‌نگانێـکی دوێنێ دووشه‌ممه‌دا ڕایگه‌یاند و گوتی هه‌ره‌ زۆری شـکایه‌تی په‌یوه‌سـت به‌ سـاخته‌کاری به‌ر له‌ ده‌نگدانی سه‌رۆکایه‌تی بووه‌ نه‌ک له‌ میانه‌ی یان دوای هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ بووبێت، ئه‌وه‌ی تیایدا مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژادی سه‌رۆک کۆمار سه‌رکه‌وتنی مه‌زنی تۆمارکرد.

هه‌ر ئه‌مڕۆش په‌رله‌مانی ئێرانی ڕایگه‌یاند له‌ ڕۆژانی نێوان 26 ی مانگی حه‌وت و 19 ی مانگی هه‌شـتدا به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد سوێندی ده‌سـتوری ده‌خوات. هه‌روه‌ها وه‌ک هه‌وڵێـکیش بۆ چاره‌سه‌رکردن و ڕوونکردنه‌وه‌ی ته‌م‌ومژ و لێـڵی په‌یوه‌ند به‌ ده‌نگدانی سه‌رۆکایه‌تی 12 ی ئه‌م مانگه‌ عه‌لی ئه‌زغه‌ر شه‌ریفی سه‌رۆکی باره‌گای سه‌ره‌کی هه‌ڵـبژاردن له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ گوتوویه‌تی وه‌زاره‌تی ناوبراو ده‌رئه‌نجامی ئامارکردنه‌وه‌ی سـندوق به‌ سـندوق بڵاوده‌کاته‌وه‌.

ئه‌م پـێشـهاته‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ڕابردوو ئه‌نجومه‌نی شـورای نیگه‌هبان هه‌واڵی سـاخته‌کاری له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا ڕاگه‌یاند و گوتبووی کۆی ده‌نگه‌کان له‌ 50 شـاری ئێرانیدا زیاتر بووه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌و که‌سـانه‌ی مافی یاسایی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ ئێدوارد یه‌رانیان په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا له‌ قاهیره‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوکارمان موعته‌به‌ر شیروانی به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 2:56 خوله‌كه‌.