ئه‌مریکا و قیرغیزسـتان له‌سه‌ر به‌کارهێنانی فڕۆکه‌خانه‌ی مه‌ناس به‌ ڕێـکه‌وتنێـک ده‌گه‌ن

لـێـپـرسـراوێـکی قیرغیزسـتان ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و قیرغیزسـتان گه‌یشـتوونه‌ته‌ ڕێـکه‌وتنێـکی په‌یوه‌ست به‌ درێژه‌دان به‌ به‌کارهێنانی فڕۆکه‌خانه‌ی قیرغیزسـتان بۆ گواسـتنه‌وه‌ی که‌لوپه‌ل بۆ له‌شـکری ئه‌مریکا له‌ ئه‌فغانسـتان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رپـرسـه‌که‌ی قیرغیزی ئه‌مڕۆ گوتی ڕێـکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنکه‌ی ئاسـمانی مه‌ناس وه‌ک فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ گواسـتنه‌وه‌ی بار و که‌ره‌سـته‌ی پـێداویستی له‌شـکری ئه‌مریکا بۆ ئه‌فغانســتان دوێنێ دووشه‌ممه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌ندرا.

ئه‌وه‌ی جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ حکومه‌تی قیرغیزسـتان له‌ مانگی دووی ئه‌مسـاڵدا مۆڵه‌تی شه‌ش مانگی دایه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌ ئاسـمانیـیه‌ چۆڵ بکات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات که‌ ڕووسیا به‌ڵـێنی به‌ حکومه‌تی قیرغیزی دا بڕی نزیکه‌ی 2 ملیار دۆلار وه‌ک قه‌رز و کۆمه‌ک بداته‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام کاربه‌ده‌سـتانی قیرغیزی به‌م دوایـیانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ دابوو ئه‌وان له‌مه‌ڕ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی دابوویانه‌ ئه‌مریکا که‌ ئه‌و بنکه‌ ئاسـمانیـیه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چۆڵ بکات شـیانی تاووتوێـکردنه‌وه‌ی هه‌یه‌.

به‌ڵام وا پـێـده‌چێت سه‌وداکه‌ به‌ربه‌سـتی نوێ له‌سه‌ر چالاکیـیه‌کانی ئه‌مریکا له‌و بنکه‌یه‌دا بسه‌پـێنێت و ته‌نها ڕێـگه‌ به‌ گواسـتنه‌وه‌ی پـێداویسـتی ناله‌شـکری بدات.