موسه‌وی ده‌ڵێت ئه‌و له‌ ژێر فشـاردایه‌ تا له‌ سکاڵاکه‌ی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌

ڕێبه‌ری ئۆپـۆزیسـیۆنی ئێرانی میر حسێن موسه‌وی ده‌ڵێت ئه‌و خراوه‌ته‌ ژێر فشـاره‌وه‌ تا له‌ داخوازیـیه‌که‌ی بۆ هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ پاشـگه‌ز بـبێته‌وه‌.

له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کیدا که‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڕه‌سمی خۆی له‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌ ئه‌و کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی شـکسـتخواردووه‌ گوتووشـیه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پـشـتیوانه‌کانی زۆر به‌ توندی قه‌ده‌غه‌کراوه‌.

به‌ڕێز موسه‌وی که‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا به‌ سـه‌رۆک مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد دۆڕا ده‌ڵێت فێـڵ و ته‌ڵه‌که‌ی زۆر له‌ ده‌نگدانه‌که‌ی 12 ی مانگی شه‌ش کراوه‌، به‌ڵام ڕێبه‌ری باڵای ئێران و ئه‌نجومه‌نی نیگه‌هبانی ئێران ده‌ڵێن ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ هه‌ڵـناوه‌شـێنـنه‌وه‌.

له‌ خۆپـیشـاندانه‌کانی پاش هه‌ڵـبژاردنه‌که‌دا به‌ لایه‌نی که‌م 17 که‌س کوژراون و به‌ سه‌دان که‌سی تریش ده‌سـتگیرکراون. له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی به‌ڕێز موسه‌ویدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ به‌ لایه‌نی که‌م 70 پـرۆفیسـۆری زانکۆش ده‌سـتگیرکراون پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵـسـتی ڕیفۆرمخوازدا کۆبووبوونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه‌ سه‌رۆک ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد داوای له‌ سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باراک ئۆباما کردووه‌ که‌ وازبهێنێت له‌ ده‌سـتێوه‌ردانی کاروباری ناوخۆی ئێران، ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای تێبینی‌یه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌سه‌ر هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ئێران.

به‌ڕێز ئۆباما له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند ئه‌و دڵـگرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ لێـدان و ده‌سـتگیرکردنی خۆپـیشـانده‌رانی که‌ ده‌ڵێن ده‌نگدانه‌که‌ فێڵی تیادا کراوه‌.