هه‌ڵـبژاردنه‌کان و گۆڕان له‌ هه‌رێمی کوردسـتاندا

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی کوردسـتانی عێراقدا گه‌رم‌وگوڕترین بابه‌ت که‌ له‌ میدیا و سه‌رشه‌قامه‌کان و له‌ هه‌موو جێـیه‌کدا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراقه‌.

ئه‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ی ڕۆژی 25 ی حه‌وت زۆرێـک له‌ چاودێران کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵـبژاردنێـکه‌ به‌هۆی جۆراوجۆری ده‌نگه‌کان و به‌شـداری به‌رفراوانی ڕه‌نگه‌کانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵـبژاردنێـک که‌ سیما و تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی ده‌بێت له‌ ڕووی سـیاسیـیه‌وه‌ و ته‌واو ته‌واویش جیاوازده‌بێت له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی پـێشـووی هه‌رێمه‌که‌ و له‌ گرنگیشـدا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ی سـاڵی 1992 گرنگ‌تر نه‌بێت ئه‌وا بێـگومان که‌متر نیـیه‌.

سه‌نگی سه‌ره‌کی له‌م هه‌ڵـبژاردنانه‌دا مه‌سه‌له‌ی گۆڕانه‌. به‌ڵام له‌م پـرۆسه‌یه‌دا هه‌ر ته‌نها جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ گۆڕان جێی خۆی ناگرێت ئه‌گه‌ربێت و پـرۆژه‌ی کارکردن و به‌رده‌وامیدانی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت.

به‌ لای زۆرێکه‌وه‌ به‌ باشی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ و یه‌کتر قبوڵـکردنی لایه‌نه‌کان سه‌رکه‌وتنی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی هه‌ڵـبژاردن ده‌بێت بۆ هه‌ندێـکی تریش ئه‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ هه‌نگاوێـکی سه‌نگینه‌ ڕووه‌و دروسـتبوونی ئۆپـۆزیسـیۆنێـکی کارا.

ئینجا ئازیزان سـندوقی ده‌نگدان ڕۆژی 25 ی ئه‌م مانگه‌ داده‌نرێت، هه‌ر ده‌نگده‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و سـندوقه‌ به‌شـداری له‌ ئاینده‌ی هه‌رێمه‌که‌دا ده‌کات.

وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ‌دا سه‌نگی له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌دا له‌سه‌ر گۆڕانکاریـیه‌ به‌ شـێوه‌یه‌ک که‌ نه‌خشه‌ی سـیاسی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراقیش له‌ ناو په‌رله‌مانه‌که‌یدا بگۆڕێت.

ئینجا جێی خۆیه‌تی بـپـرسین ئایا ده‌شێت ئه‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ وه‌ک ڕیفراندۆمێـک بۆ گۆڕان لێی بڕوانرێت؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پـرسیاره‌ و چه‌ند پـرسـیارێـکی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ هاوکارمان به‌ڵـێن سـاڵح له‌ به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا میوانداری ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی کردووه‌:
عه‌لی که‌ریم، سه‌رۆکی ئه‌نسـتتیوتی کوردسـتان بۆ مافه‌کانی مرۆڤ.
که‌مال ڕه‌ئووف، سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌که‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی کلیـکـکردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌که‌ی 51:58 خوله‌که‌.