به‌ هۆی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌ عێراق 11 که‌س ده‌کوژرێن

کاربه‌ده‌سـتانی عێراق ده‌ڵێن ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌دا له‌ به‌غدا و ڕه‌مادی به‌ لایه‌نی که‌م 11 که‌س کوژراون.

پـۆلیس ده‌ڵێت دوو بۆمب له‌ گه‌ڕه‌کی سه‌دری زۆرینه‌ شیعه‌ له‌ به‌غدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌. له‌ یه‌کێـکیاندا به‌ لایه‌نی که‌م 3 که‌س کوژراون و زیاتر له‌ 30 که‌سیش برینداربوون. کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن پـێده‌چێت ته‌قینه‌وه‌که‌ کرێکاری ڕۆژانه‌ی کردبێته‌ ئامانج. له‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ی تریشـدا که‌ له‌ ناو بازاڕێـکدا ڕوویدا 4 که‌س کوژران که‌ دووانیان منداڵ بوون، هه‌روه‌ها 30 که‌سی دیکه‌ش له‌و هێرشه‌دا زیانیان پـێـگه‌یشـتووه‌.

له‌ گه‌ڕه‌کی دۆره‌ی باشوری به‌غداشدا بۆمبێـک ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و بۆته‌ مایه‌ی کوژرانی یه‌ک که‌س و برینداربوونی7 که‌سی دیکه‌.

له‌ شـاری ڕه‌مادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار دوو بۆمب ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆیانه‌وه‌ 3 که‌س کوژراون.

هه‌روه‌ها پـۆلیسی به‌غدا ده‌ڵێت کاروانی ئۆتۆمبیله‌کانی وه‌زیری سه‌رچاوه‌ ئاویـیه‌کانی عێراق عه‌بدول له‌تیف ڕه‌شید به‌ بۆمبی لاڕێ کراوه‌ته‌ ئامانج. کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن 6 هاوڵاتی سڤیل له‌و هێرشه‌دا برینداربوون، به‌ڵام که‌س کاروانی وه‌زیره‌که‌دا پـێوه‌ نه‌بوون.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ ده‌مڕاستی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق عه‌بدولکه‌ریم خه‌ڵه‌ف به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای گوت هێزه‌کانی عێراق ده‌توانن باری ئاسایشی وڵاته‌که‌یان ڕابگرن به‌بێ یارمه‌تی هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ئه‌مریکا، به‌ڵام گوتیشی هێزه‌کانیان پـێویستی به‌ مه‌شق و ڕاهێنانه‌ له‌گه‌ڵ پشـتیوانی لۆجیکستی.