وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق داوای زانیاری له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریکایی‌یه‌ ده‌سـتگیرکراوه‌کان‌ له‌ ئێران کردووه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی ده‌ڵێت ئه‌و داوای زانیاری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و سێ ئه‌مه‌ریکایی‌یه‌ی کردووه‌، ئه‌وانه‌ی گوایه‌ به‌ تۆمه‌تی به‌زاندنی سـنوور و بێ مۆڵه‌ت‌پـێدان چوونه‌ته‌ نێو خاکی ئێرانه‌وه‌ و وا ئێسـتا له‌ ئێران ده‌سـتبه‌سه‌رن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هۆشـیار زێباری ده‌ڵێت ئه‌و له‌ میانه‌ی کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئێرانی حه‌سه‌ن کازمی قومی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا باس‌کردووه‌. به‌ڕێز زێباری هیچ زانیاریـيه‌کی دیکه‌ی له‌مه‌ڕ ورده‌کاری وتووێژه‌کانی نێوانیانی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌درکان.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هیچ په‌یوه‌ندیـیه‌کی دیپـلۆماتی له‌گه‌ڵ ئێراندا نیـیه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ پـێناو وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و سێ ئه‌مه‌ریکایـی‌یه‌ی له‌ خاکی عێراقه‌وه‌ چوونه‌ته‌ نێو ئێرانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ باڵوێزخانه‌ی سـویسـرادا کارده‌کات.