هێله‌ری کلنتن ده‌گاته‌ وڵاتی ئه‌نگۆلا

هێله‌ری کلنتن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ ئه‌فریکا ئێسـتا له‌ وڵاتی ئه‌نگۆلایه‌ بۆ وتووێـژکردن، که‌ تیادا سه‌نگی ده‌خرێته‌ سه‌ر بواره‌کانی وزه‌ و پاراسـتنی خوارده‌مه‌نی.

واش بڕیاره‌ له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا خانم کلنتن له‌گه‌ڵ خوزێ ئێدوارد سـانتۆس سه‌رۆکی ئه‌نگۆلا و هه‌روه‌ها هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری نه‌وتی ئه‌نگۆلاشـدا کۆبـبێته‌وه‌.

کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان هه‌وڵی پـته‌وکردنی په‌یوه‌ندیـیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌نگۆلادا ده‌دات که‌ یه‌کێـکه‌ له‌ وڵاته‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانی به‌رهه‌م‌هێنی نه‌وت له‌ ئه‌فریکا و هه‌روه‌هاش دابینکه‌رێـکی سه‌ره‌کی نه‌وت و گازیشه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی هێله‌ری کلنتن بۆ ئه‌نگۆلا هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ زۆربوونی ده‌سـتی چین له‌ پـیشـه‌سـازی نه‌وتی ئه‌نگۆلادا.