حکومه‌تی عێراق ده‌سـت‌له‌کارکێشـانه‌وه‌ی به‌رهه‌م سـاڵح په‌سه‌ند ده‌کات

حکومه‌تی عێراق ده‌ڵێت ئه‌و ده‌ست‌له‌کارکێشـانه‌وه‌ی یه‌ک له‌ جێـگره‌کانی سه‌رۆک وه‌زیری په‌سه‌ندکردووه‌ که‌ نیازی هه‌یه‌ بچێته‌ ناو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان.

ده‌مڕاسـتێـکی حکومه‌ت گوتی سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ده‌ست‌له‌کارکێشـانه‌وه‌ی به‌رهه‌م سـاڵحی په‌سه‌ندکردووه‌.

حکومه‌تی عێراق ئومێدی خۆی ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ به‌هێزه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م سـاڵح‌دا یارمه‌تی بدات له‌ خاوکردنه‌وه‌ی گرژیـیه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی کوردسـتاندا.

ڕێبه‌رانی به‌غدا له‌ ناکۆکیـیه‌کی قوڵدان له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵـکردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتی وه‌کو شـاری که‌رکوک.

به‌رهه‌م سـاڵح ڕاوێژکاری سه‌ره‌کی نوری ئه‌لمالیکی بووه‌ له‌ مه‌سه‌له‌کانی ئابووری و نه‌وتدا.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سـتپـێکردنی پـرۆسه‌ی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردسـتان پـێشـبینیـیه‌کی زۆر ده‌کرا که‌ به‌رهه‌م سـاڵح واز له‌ پـۆسـته‌که‌ی له‌ به‌غدا بهێنێت.