سه‌رۆک ئۆباما په‌ژاره‌ی خۆی له‌مه‌ڕ مه‌رگی سیناتۆر کێنێدی ده‌رده‌بڕێت

باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت سـیناتۆری کۆچـکردوو ئێدوارد کێنێدی ڕابه‌رێـکی به‌ ده‌گمه‌ن بوو، هه‌روه‌ها یه‌کێـک بوو له‌و هاوڵاتیـیه‌ ئه‌مه‌ریکایی‌یانه‌ی که‌ ئه‌وپه‌ڕی خزمه‌تی پـێشـکه‌ش به‌م وڵاته‌ کرد.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی کاره‌کانی سیناتۆر ئێدوارد کێنێدی له‌ کۆنگرسـدا زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریکایی‌یه‌کان ڕه‌خسـاند به‌ دوای خه‌ونه‌کانیاندا بڕۆن له‌م وڵاته‌ پـڕ له‌ یه‌کسـانی و دادوه‌ریـیه‌دا.

به‌ڕێز ئۆبامای سه‌رۆکی هه‌نووکه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌ یه‌که‌مین ئه‌مه‌ریکایی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فریـکایی‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ کرد خودی خۆی سـوودی له‌ کاره‌کانی سـیناتۆری کۆچـکردوو ئێدوارد کێنێدی وه‌رگرتووه‌.

هاوکات سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێز کێنێدی به‌ که‌سـایه‌تیـیه‌کی بێ وێنه‌ له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریکا ناودێرکرد و گوتیشی بیرۆکه‌ و به‌هاکانی ئاوێته‌ی ده‌یان یاسا بووه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌شی له‌ ژیانی ملیۆنه‌ها ئه‌مه‌ریکایدا هه‌بووه‌.

هاوکات سه‌رۆک ئۆباما ئه‌مڕۆ له‌ هاوینه‌هه‌واری که‌ناربی ده‌ریا له‌ ماسـاچوسـێتس له‌ نزیک شـاری ئێدوارد کێنێدی بۆ په‌یامنێران ئه‌م وتانه‌ی له‌باره‌ی سیناتۆری کۆچکردوو ڕاگه‌یاند.

هه‌روه‌ها دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی مه‌رگی سیناتۆر ئێدوارد کێنێدی له‌ ئاکامی شـێرپه‌نجه‌ی مێشـک ڕابه‌رانی جیهانی سـتایشی ڕۆڵی ناوبراویان کرد. له‌ سـتایشـکردنیان بۆ سیناتۆری کێنێدی ڕابه‌رانی جیهان ناویان وه‌ک ڕابه‌رێـکی زۆر کارامه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌ کاره‌کانی دا وه‌ک چاکسـازی، خزمه‌تگوزاری، ته‌ندروسـتی و مسـۆگه‌رکردنی ئاشـتی له‌ ئێرلاندای باکور.