سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت له‌ به‌رامبه‌ر گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وا ده‌بێت کاردانه‌ومان هه‌بێت

سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما ده‌ڵێت ده‌سته‌وه‌سـتان له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وای جیهان ڕه‌نگه‌ نه‌وه‌کانی ئاینده‌ دووچاری کاره‌سـاتێـک بکات نه‌توانرێت پـێچه‌وانه‌ بکرێته‌وه‌.

به‌ڕێز ئۆباما هانی پـتر له‌ 90 له‌ ڕابه‌رانی جیهانی دا، ئه‌وانه‌ی بۆ کۆبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وای جیهانی له‌ شـاری نیویۆرک کۆبوونه‌وه‌. داواشی لێـکردن پـێکه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌م کێشه‌یه‌ بـبنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ بان کی موونی سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داوای سـازدانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی نیویۆرکی بۆ ئه‌و مه‌به‌سـته‌ کرد. هه‌ر خۆشی ئه‌مڕۆ کۆبوونه‌وه‌که‌ی ده‌سـتپـێـکرد و گوتی کارنه‌کردن له‌مه‌ر کێشه‌ی گه‌رمبوونی که‌ش‌وهه‌وای جیهانی له‌ ڕووی ڕه‌وشـتیـیه‌وه‌ کارێـکی بێ پاسـاوه‌.

به‌رپـرسـان هیوا ده‌خوازن پـێشـڕه‌وی به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ ڕێـکه‌وتنـنامه‌یه‌کی په‌یوه‌ست به‌ که‌ش‌وهه‌وای جیهانی بکه‌ن، ئه‌وه‌ی حکومه‌تان به‌ نیازن له‌ میانه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ی مانگی دوازده‌ که‌ له‌ دانیمارک ده‌به‌سـترێت ته‌واوی بکه‌ن.

سه‌رۆک باراک ئۆباما ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا سـووره‌ له‌سه‌ر کارکردنی له‌و باره‌یه‌وه‌ و هه‌روه‌ها کێشه‌ی گه‌رمبوونی که‌ش‌وهه‌وا کردۆته‌ سه‌ر تۆپـی کارنامه‌ی دیپـلۆماتی له‌گه‌ڵ وڵاتانی سه‌رانسه‌ری هه‌رێمه‌کان، هه‌ر له‌ چینه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ هیندسـتان و به‌ڕازیل و مه‌کسـیک.

هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا گوتیشی ئاشـتی و ئارامی هه‌موو وڵاتێـک به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌. ده‌شڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌نگاوی ڕاسـته‌قینه‌ی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌رهاوێژه‌ گازه‌ زیان‌به‌خشه‌کانی به‌ ژینگه‌ ناوه‌.