چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌ندامانی G20 وتووێژ له‌سه‌ر هاریکاری و بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری بکه‌ن

ڕێبه‌رانی گرووپی 20 ی وڵاتانی پـیشـه‌سازی و پـێشکه‌وتووی جیهان، بڕیاره‌ هه‌ردوو ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی کۆببنه‌وه‌، بۆ تاووتوێـکردنی پـێشگرتن له‌ قه‌یرانێکی تری ئابووری.

سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براك ئۆباما ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ شاری پـیتسبێرگی ویلایه‌تی پێنسلڤانیا به‌ڕێوه‌ ده‌بات. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ کارنامه‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ ده‌کرێت که‌ له‌ مانگی 4 ی ساڵی 2009 له‌ له‌نده‌ن ، و له‌ مانگی 11ی سـاڵی 2008 له‌ واشنتنی پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوون و تیایدا باس له‌ قه‌یرانی ئابووری جیهانی کرا.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌ندامان ئامانجی خۆیان دانێن بۆ زیادکردنی کار و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و دروستکردنه‌وه‌ی سیستمی قه‌رزدان و نوێـکردنه‌وه‌ی سیستمی دارایی جیهانی و هه‌روه‌ها ڕێگه‌گرتن له‌ داڕمانی ئابووری له‌ داهاتوودا.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌وان کار له‌ سه‌ر ڕێگاچاره‌یه‌ك بکه‌ن بۆ گه‌شه‌پـێدانی بازرگانی جیهانی و ڕێگه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان، وه‌ هه‌روه‌ها پـشـتیوانی دارایی بۆ وڵاتانی به‌ره‌و پـێشکه‌وتن دابین بکه‌ن تا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وادا بکه‌ن.