به‌ریتانیا به‌ نیازه‌ 500 سه‌ربازی دیکه‌ی خۆی ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانسـتان بکات

سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا گۆردن بڕاون پـلانی بۆ ڕه‌وانه‌کردنی 500 سه‌ربازی دیکه‌ی وڵاته‌که‌ی بۆ ئه‌فغانسـتان ڕاگه‌یاند.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێز بڕاون گوتی ئه‌و سه‌ربازانه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێـک ڕه‌وانه‌‌ده‌کرێن، ئه‌ویش که‌ل‌وپه‌لی پـێویسـتیان له‌وێ بۆ دابین‌بکرێت و حکومه‌تی ئه‌فغانســتان خێرابکات له‌ مه‌شقپـێـکردنی سه‌ربازه‌کانی خۆی و هاوپه‌یمانانی ناتۆش ئه‌وانیش ژماره‌ی هێزه‌کانی خۆیان له‌وێ زیادبکه‌ن.

به‌ریتانیا دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی له‌شـکری له‌ ئه‌فغانسـتان هه‌یه‌ له‌ پاش وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکا هه‌نووکه‌ 65 هه‌زار سه‌ربازی له‌وێ هه‌یه‌ و به‌ریتانیاش به‌م زیادکردنه‌ ژماره‌ی هێزه‌کانی ده‌گاته‌ 9500 سه‌رباز.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما تاووتوێی ڕاپـۆرتێـکی ژه‌نه‌ڕاڵ سـتانلی مه‌کـکرسـتاڵی گه‌وره‌ فه‌ره‌مانده‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ له‌ ئه‌فغانسـتان ده‌کات که‌ تیایدا داوای کردووه‌ 40 هه‌زار سه‌ربازی دیکه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانسـتان بکرێن.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت سه‌رۆک ئۆباما ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاره‌ باڵاکانی خۆی کۆبـبێته‌وه‌ بۆ تاووتوێکردنی سـتراتیژیـیه‌تی شه‌ڕی ئه‌فغانسـتان.