سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتان ده‌ڵێت نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک له‌ پارێزگاکانی دیکه‌ جودابکرێته‌وه‌

پاش نیوه‌ڕۆی پـێنجشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان مه‌سـعود بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و سـکرتێر و به‌رپـرسـانی ئه‌و پارت و لایه‌نه‌ کوردیـیانه‌دا کۆبۆوه‌ که‌ له‌ کۆمسـیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق خۆیان بۆ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق تۆمارکردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عومه‌ر فه‌رهادی په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و تیایدا سه‌رۆکی هه‌رێمی ته‌وه‌ری باسی کۆبوونه‌وه‌که‌ و هه‌روه‌ها ئه‌نجامه‌که‌ی بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ڕوونکرده‌وه‌.

به‌ڕێز مه‌سـعود بارزانی ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ مه‌به‌سـتی باسـکردنی دوو خاڵ ئه‌نجام‌درا، یه‌کێـکیان قانونی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی گشتی عێراق و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و ئه‌وی دیکه‌یان چۆنێتی به‌شـداریکردنی لایه‌نه‌ کوردیـیه‌کانه‌ له‌و هه‌ڵـبژاردنه‌دا. پاشـان به‌ڕێز بارزانی گوتی خۆشـبه‌ختانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌ هه‌موو یه‌ک هه‌ڵوێست بووین و بڕیار درا به‌ هیچ شـێوه‌یه‌ک ئێمه‌ وه‌کو کورد و کوردسـتانی قبوڵ نه‌که‌ین هیچ جیاوازیـیه‌ک له‌ نێوان که‌رکوک و پارزگاکانی دیکه‌ی عێراقدا بکرێت و نابێت به‌ هیچ قانونێـک شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک له‌ پارێزگانی دیکه‌ی عێراقدا جودابکرێته‌وه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 3:30 خوله‌كه‌.