ژماره‌ی قوربانیانی دوو ته‌قینه‌وه‌که‌ی به‌غدا گه‌یشته‌ 155 کوژراو و 500 بریندار

هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ له‌ هه‌مان خوله‌کدا له‌ نزیـک ناوچه‌ی سه‌وز ڕوویاندا و پـێده‌چێت بۆ وه‌زاره‌تی داد و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا دانرابن.

هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ زیانی زۆریان به‌ باڵه‌خانه‌ حکومیـیه‌کان گه‌یاند و ئۆتۆمبیله‌کانی نزیـکی ناوچه‌که‌یان تێـکشـکاند. لاشه‌ی مرۆڤ له‌ شه‌قامه‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌دا که‌وتبوون.

سه‌رۆک وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیکی گوتی مه‌به‌ست له‌و ته‌قینه‌وانه‌ نانه‌وه‌ی ناسـه‌قامگیریـیه‌ و ڕاگرتنی عێراقه‌ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی گشتی مانگی یه‌کی سـاڵی داهاتوو. ئۆفیسی نوری ئه‌لمالیکی وباڵی ئه‌م دوو هێرشه‌ی خسـته‌ ئه‌سـتۆی ئه‌لقاعیده‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی پارتی به‌عس. هه‌تا ئێسـتا که‌س به‌رپـرسیارێتی خۆی له‌و هێرشـانه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

ڕێبه‌رانی ئه‌مه‌ریکا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ناتۆ هێرشه‌کانیان سه‌رزه‌نشت‌کرد و به‌ توندوتیژیـیه‌کی کوێرانه‌ی بێ مانا ناوزه‌دیان‌کردن.