به‌رپـرسـانی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ئه‌فغانسـتان بردنه‌وه‌ی حامید کارزای ڕاده‌گه‌یه‌نن

کۆمسیۆنی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ئه‌فغانسـتان ڕایگه‌یاند که‌وا سه‌رۆک حامید کارزای پـۆستی سه‌رۆکایه‌تی وڵاتی بردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش هه‌ڵـوه‌شـاندنه‌وه‌ی گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵـبژاردن.

عه‌زیزوڵڵا لودن سه‌رۆکی کومسـیۆنه‌که‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ گوتی سه‌رۆک کارزای له‌ پـۆسـته‌که‌ی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌ چونکه‌ براوه‌ی گه‌ڕی یه‌که‌می هه‌ڵـبژاردن بووه‌ و هه‌روه‌ها تاکه‌ کاندیده‌ له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه‌ی بڕیاربوو له‌ 7 ی مانگی یازده‌دا سـازبکرێت.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا ڕگابه‌ری کارزای له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ کشـایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌ڵێت مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌ ڕوودانی فرتوفێڵی له‌و شێوانه‌ی له‌ هه‌ڵـبژاردنی گه‌ڕی یه‌که‌مدا ڕوویدا.

کاربه‌ده‌ســانی کۆمسیۆنه‌که‌ گوتیشـیان له‌به‌ر خه‌رج نه‌کردنی پاره‌ و هۆی ئاسایشی بڕیاریان دا گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبوه‌شێنـنه‌وه‌.

باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ کابول و سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ به‌ سه‌ردانێـک له‌ ئه‌فغانسـتانه‌ خۆشـحاڵی خۆیان به‌ هه‌ڵـوه‌شـاندنه‌وه‌ی گه‌ڕی دووه‌م ده‌ربڕی و پـیرۆزبایی‌یان له‌ سه‌رۆک حامید کارزای کرد.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ڕێز بان کی مون گه‌یشته‌ کابول به‌ مه‌به‌سـتی کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ڕێزان حامید کارزای و عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا.