فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری ده‌ڵێت تا پـێـنجشه‌ممه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند نه‌کرێت ئه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ واده‌ی خۆیدا ناکرێت

سه‌رۆکی کۆمسـیۆنی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق ده‌ڵێت ئه‌و به‌ یاسادانه‌رانی عێراقی هۆشـداری داوه‌ که‌ ده‌بێت یاسایه‌کی هه‌ڵـبژاردن تا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌کان له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێن.

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌و کاته‌ کۆتایی‌یه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌. ده‌نگدانه‌ گشـتیـیه‌کان بڕیار وایه‌ له‌ 16 ی مانگی یه‌ک ئه‌نجام بدرێن.

یاسادانه‌ران ده‌مێـکه‌ له‌سه‌ر ڕێنمایـیه‌کانی ده‌نگدان بۆ ئوسـتانی که‌رکوک که‌ تێـکه‌ڵاوی نه‌ژادی هه‌یه‌ مشـتومڕیانه‌.

ئوسـتانی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت کورد، عه‌ره‌ب و تورکمانی تیایدا ده‌ژین. یه‌کێـک له‌و کێشـانه‌ی یاسادانه‌ران مشـتومڕیان له‌سه‌ره‌ ئاخۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی ئێسـتا به‌کاربهێنن که‌ کورده‌کان به‌ دڵیانه‌ و یاخود هی سـاڵی 2004 که‌ عه‌ره‌به‌کان به‌دڵیانه‌.

وته‌بێژێـک ده‌ڵێت جێـگری سه‌رۆک کۆمار جۆ بایدن له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ ته‌له‌فون له‌گه‌ڵ مه‌سـعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتان دوواوه‌ و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌یاد سـامه‌ڕائی.