دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم ده‌رباره‌ی دوا پـێشـهاته‌کانی هه‌رێمی کوردسـتان ده‌دوێت

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم سه‌رۆکی ئنسـتتیوتی کوردی له‌ واشنتن له‌م دوایـیانه‌دا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردسـتانی کرد و له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵدا سـازدا.

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم ده‌ڵێت ئه‌م سه‌ردانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ تا ته‌ماشـای ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی کوردسـتان بکات، به‌ تایبه‌تی پاش هه‌ڵـبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردسـتان ئه‌وه‌ی له‌ مانگی حه‌وتدا ئه‌نجام‌درا و هه‌روه‌ها پـێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی گشـتی عێراق که‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی یه‌کی سـاڵی داهاتوودا ئه‌نجام‌بدرێت.

له‌ درێژه‌ی گفتوگۆکه‌دا دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم باس له‌ ڕه‌وشی سیاسی ناو کوردسـتان ده‌کات و ده‌ڵێت بۆ یه‌که‌م جاره‌ ئۆپـۆزیسـیۆن له‌ ناو په‌رله‌مانی کوردسـتاندا په‌یدا بووه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کورد به‌ یه‌ک لیست به‌شـداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقدا نه‌کات، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی بکه‌ین تا بزانین ئه‌مه‌ چ کاریگه‌ریـیه‌کی به‌سه‌ر پاشه‌ ڕۆژی هێز و قورسـایی کورد له‌ به‌غدادا ده‌بێت.

هه‌روه‌ها باس له‌ یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق ده‌کات ئه‌وه‌ی به‌م دوایـیانه‌دا په‌سه‌ندکرا و ده‌ڵێت لایه‌نی کوردی زۆر بوێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گوشـاری هه‌موو لایه‌نه‌کان وه‌سـتا و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌سـتخۆشی له‌ سه‌رکردایه‌تی کورد کرد.

دواتر دکتۆر نه‌جمه‌دین باس له‌ ڕاپـۆرته‌که‌ی ڕێـکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤHuman Rights Watch ده‌کات که‌ تیایدا هاتووه‌ لایه‌نه‌ کوردیـیه‌کان خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ به‌ زۆر ده‌که‌ن به‌ کورد و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ڕاپـۆرتێـکی ناڕه‌وایه‌ و ئه‌وه‌ش کاری ئه‌و ڕێـکخراوه‌ نیـیه‌ بڕیار بدات کێ کورده‌ و کێ کورد نیـیه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 9:57 خوله‌كه‌.